شڕۆڤەکاری سیاسی، مەحموود خۆشناو ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە ڕێگای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن دەیەوێت گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بکات ئەوەش لەژێر ناونیشانی (کۆتاییھاتن بە بەڕێوەبردنی قەیران و هەنگاونان بەرەو قۆناغی دروستکردنی دەرفەت) و دەشڵێت، "پێویستە عێراق قەناعەت بە ھەردوولا بھێنێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەسەر حیسابی ھیچ کامیان نییە".
ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن و ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە.
عەلی زەیدی له كاتی بەڕێکەوتنی بۆ واشنتۆن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندبوو کە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و گواستنەوەی شارەزایی و ھەمەچەشنکردنی ئابووریی و ڕەخساندنی ھەلی کارە، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی بەھێزکردنی پرۆسەی گەشەپێدان و چەسپاندنی پێگەی عێراق وەک ھاوبەشێکی متمانەپێکراو و کارا لە سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی ناوچەکە.
ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن لە کاتێکی ھەستیاردایە کە لەلایەک عێراق کەوتووەتە نێوان گوشاری گرووپە چەکدارەکان و لەلایەکی دیکەوە پێویستیی بە پاڵپشتی ئابووریی و سیاسیی ئەمریکا هەیە کە ئەوەش ئێستا حکوومەتەکەی عەلی زەیدی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
شرۆڤەکاری سیاسی، مەحموود خۆشناو لە بارەی گرنگی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عێراق ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکادا ھەیە و تا ئێستا نە عێراق و نە ئەمریکا سوودیان لەو ڕێککەوتنە وەرنەگرتووە، تەنانەت بە کرداریش ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە کە بوارەکانی پەروەردە، ھونەری، ڕۆشنبیری، سەربازی، ئابووری، دارایی دەگرێتەوە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی تازە ھەیە، چونکە لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کۆتایی پێ دێت و ئەمەش قۆناغێکی نوێیە، جگە لەوەش چەند ساڵێک بەرلە ئێستا لە میانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەکەدا، عێراق و ئەمریکا گفتوگۆی چڕیان لەبارەی ڕەشنووسی کارکردن سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام، بۆیە حکوومەتی ئێستای عێراق ھەوڵدەدات پەرە بەو ڕێککەوتننامانە بدات کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا واژوو کراون، ھەروەھا عێراق دەیەوێت گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بکات ئەوەش لەژێر ناونیشانی (کۆتاییھاتن بە بەڕێوەبردنی قەیران و هەنگاونان بەرەو قۆناغی دروستکردنی دەرفەت)، بۆیە ئێستا عەلی زەیدی دەیەوێت ئەو ناونیشانە لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا جێبەجێ بکات".
مەحموود خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا سیاسەتی دەرەوەی عێراق کارگێڕی قەیرانی بووە و چی لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمیی چی لەگەڵ ئەمریکا، چونکە کۆمەڵێک گرووپ لە عێراق ھەن بەرھەڵستی سیاسیەتی حکوومەتەکانی پێشوویان دەکرد کە ئەوەش فشاری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا دروست کردبوو و گوتیشی: "ئێستا عێراق دەوێت خۆی لەگەڵ گۆڕانگارییەکانی ناوچەکە بگونجێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر عێراق خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانگارییانەدا نەگونجێنێت، ئەوا لە پەیوەندییە ئابووریی و داراییەکان دادەبڕێت، چونکە عێراق پابەندە بە کۆمەڵێک ڕێنمایی بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە کە پەیوەستدارن بە دۆلارەوە، ھەروەھا عێراق بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی پێویستی بە بازاڕی ئەورووپا ھەیە، ئەگەری ھەیە عێراق لە داھاتوودا بۆ پرسی ھەناردەکردنی نەوت پێویستی بە سووریاش ھەبێت، بۆیە پێموایە لەم سەدانەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا لێکێتگەیشتنێکی ھاوبەش لەسەر ئەو پرسە لەنێوان عێراق، سووریا و ئەمریکا واژوو دەکرێت، چونکە واژووکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە لەکارنامەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا ھەیە".
ناوبراو گوتیشی: " ئەگەر عێراق ڕێککەوتن نەکات لەگەڵ ئەمریکا و ئەو وڵاتە هەرێمییانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ سووریا باشە، ئەوا بەدڵنیاییەوە عێراق ناتوانێت دەروازەیەکی دیکە بۆ ھەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوە، چونکە ئێستا بە هۆی خراپی دۆخی ناوچەکەوە، عێراق لە گەرووی ھورمز کێشەی بۆ دروست بووە و ناتوانێت نەوت ھەناردە بکات".
ھەروەھا شرۆڤەکاری سیاسی، مەحموود خۆشناو پێیوایە، گرنگی "سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا ئەوەندی ڕەھەندی ئابووری ھەیە، ئەوەندە ڕەھەندی ئەمنی نییە، چونکە ئێستا حکوومەتی عێراق لە ھەوڵی ئەوەدایە کە بۆ زیادکردنی داھاتەکەی، کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری بەرھەمھێنانی نەوت و غاز لە وڵاتەکەی فراوانتر بکات و ئەمەش بەشێکە لە رێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان بەغدا و واشنتۆن".
مەحموود خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا بەشێکی پەیوەندی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە ھەیە و بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ ئەمریکا دوای قۆناغی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق ھەیە، چونکە عەلی زەیدی ڕایگەیاندووە کە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق، کۆتایی پێ دێت و لە ھەمان ماوەدا کۆتایی بە پڕۆسەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دێت.
مەحموود خۆشناو باسی لەوەشکرد کە پەیوەندی بەغدا و واشتنۆن زۆر گرنگە، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ نەیتوانیووە قەناعەت بە لایەنە سیاسییە دژبەرەکانی ئەمریکا بکات کە بوونی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمریکا گرنگە بە تایبەتیش لە بوارەکانی دۆلار، پاڵپشتیکردن و سەپۆرتکردنی سیاسیەتی دەرەوە، پارێزگاریکردن لە داھاتی عێراق، ھەروەھا پارێزگاریکردنی عێراق لە ھەڕەشەی تیرۆر و گوتی: "عێراق سەرکەوتوو نەبووە لەوەی قەناعەت بە ئێران بکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، پەیوەندی بەھێزن و عێراق لەم قۆناغەدا پێویستی بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ھەیە".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە گوتیشی: "دەبێت عێراق لە چوارچێوەی سیاسیەتی دەرەوە، قەناعەت بە ئەمریکا بھێنێت کە پێویستە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا ھەبێت، چونکە عێراق لە زۆر بواردا ھاوبەشی لەگەڵ ئێران ھەیە، ھەر چەندە کۆمەڵێک گرووپی چەکدار لە عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن، تۆمەتبارکراون لەوەی چالاکی دژبە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن، بەڵام پێویستە عێراق قەناعەت بە ھەردوولا بھێنێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەسەر حیسابی ھیچ کامیان نییە".
مەحموود خۆشناو سەبارەت بە ئاستەنگەکان یان ھەڕەشەکان بۆ سەرکەوتنی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕایگەیاند: "عەلی زەیدی و زۆربەی عێراقییەکان دەیانەوێت پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا باش بێت، بەشێک لەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی دەرئەنجامی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا دەبنەوە، بریتییە لە لێکتێگەشتن یان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، ئەویش بەھۆی بوونی گرژیی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، ھەروەھا بوونی شەڕ لە ناوچەکەدا، ھەموو ئەمانەش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی عێراق دەبێت، لەوانەیە کاریگەری لەسەر عەلی زەیدی نەبێت تا قۆناغێک، بەڵام دواجار لە قۆناغەکانی داھاتوودا بەدەردەکەوێت، ھەر وەک چۆن کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و چین ھەبوو دوای ئەوەی ژمارەیەک ڕێککەوتننامە لەنێوان بەغدا و پەکین واژووکران، بۆیە لێکتێگەشتن یان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، ڕەھەندی ناوخۆیی، ھەرێمیی و نێودەوڵەتییان ھەیە، لەبەر ئەوە عێراق ناچارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باش بکات، چونکە عێراق لە ڕووی دۆلار و پارێزگاریکردن لە داھاتی فرۆشتنی نەوتەکەی پێویستی ئەمریکا ھەیە، ھاوتەریب لەگەڵ ئەمەش پێویستی بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێراندا ھەیە".
گوتیشی: "سەرکەوتنی ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا پەیوەستدارە بە دوو ئاراستە کە یەکەمیان پەیوەستدارە بە ناوخۆ، لەوەی تا چەند لایەنە ھاوبەشەکانی عەلی زەیدی پاڵپشتی دەبن لە جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا، چونکە لە ساڵی ٢٠١٩ بینیمان کاتێک حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی دوای واژووکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتننامە لەگەڵ چین، هەڵوەشایەوە. هاوکات دووەم ئاراستە پەیوەندیی بە فشارەکانی ئەمریکاوە ھەیە، لەوەی عێراق تا چەند دەتوانێت بەرگەی فشارەکانی ئەمریکا بگرێت کە فشاری ئەمنی، سیاسی و ئابوورین، ھەمووان دەزانین کە دوو مانگ ئەمریکا ناردنی دۆلاری بە کاش بۆ عێراق ڕاگرت کە ئەوەش قەیرانی بۆ حکوومەتی عێراق دروست کرد.
چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عەلی زەیدی لە ئەمریکا، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو لا بێتە ئاراوە بە تایبەتیش لە وەبەرھێنان و ناردنی دۆلار بۆ عێراق.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەمریکا دۆلاری زیاتر بە کاش بۆ عێراق بنێرێت، بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق لە ڕووی کەمی دۆلارەوە ڕووبەڕووی قەیران نەبێتەوە.
بەر لەوەی عەلی زەیدی بەرەو واشنتۆن بەڕێبکەوێت، ئەمریکا عێراقی لە قەیرانی کەمی دۆلار ڕزگار کرد و بە دوو قۆناغ دوو ملیار دۆلاری بە کاش بۆ نارد، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق ڕاگیرابوو.
جگە لەوەش ئێستا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕیاریان داوە کە بۆ کاری وەبەرھێنان لە بواری نەوت و غازدا، ڕووی لە عێراق بکەن کە ئەوەش بۆ زیادکردنی داھات و گەشەپێدانی ئابووری عێراق باش دەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact
