Duygu Alhan,Aladdin Mustafaoğlu
22 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
ئەمڕۆ ھەینی، "کۆڕبەندی وزەی ئیستانبوڵ" کە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵو و بە سەرپەرشتی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕێکخراوە بەڕێوە دەچێت.
کۆرەندی وزەی ئیستانبوڵ کە بە تەوەری سەرەکی "ئایندەی ھاوبەش، ئامانجی ھاوبەش" بەڕێوەدەچێت یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت و وەزیرانی وزەی وڵاتانی جیاواز، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەکادیمیست، ڕاگەیاندنکاران و بازرگانانی دیاری جیھان بەشداری دەکەن.
ھەروەھا لە کۆڕبەندەکەدا کە پرسەکانی وەک ئامانجە ھەرێمییەکان لە کەرتی وزەدا، ڕۆڵی تورکیا لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی غازی سروشتی و پشتیوانی دارایی بۆ وەرچەرخانی وزە ھەڵدەسەنگێندرێت و پرسگەلێکی زۆری وەک ڕۆژەڤە ھەرێمی و جیھانییەکان، نەوت و غاز، ئاسایشی دابینکردن و پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان تاوتوێ دەکرێن.

لە دانیشتنی سەرەکی کۆڕبەندەکەدا ھەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەلپارسلان بایراکتار و بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتوون و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردارکاراگۆز گوتار پێشکەش دەکەن و، لەسەر ئاستی جیھانی دەرفەتی گفتوگۆ کردن بۆ بەشداربووان دەڕەخسێندرێت.
لە یەکەم دانیشتنی کۆڕبەندەکەدا کە لە ژێر ناوی "ئاستەنگ و دەرفەتەکان بۆ ئایندەیەکی خۆڕاگر" ڕێکدەخرێت و وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، بایراکتار بەڕێوەی دەبات، ھەر یەک لە وەزیری وزەی ئازەربایجان پەرویز شاھبازۆڤ، وەزیری وزەی بولگاریا ڤلادیمێر مالینۆڤ، وەزیری دەرەوە و بازرگانی ھەنگاریا پیتەر شیارتۆ، وەزیری وزەی مۆڵدۆڤا ڤیکتۆر پارلیکۆڤ، جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا پاڤێل سۆرۆکین، وەزیری وزە و کانزاکانی سربیا دوبراڤکا دیدۆڤیچ ھاندانۆڤیچ و وەزیری وزەی ئۆزبەکستان جۆرابێک میرزا مەحمودیۆڤ، بەشداری دەکەن.
ھەر لە میانی کۆڕبەندەکەدا، دانیشتنێکی تایبەت بۆ کۆمپانیای ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی تورکیا "Botaş International" لە ژێر ناوی "دینامیکی نوێ بۆ ئاسایشی غاز: دیدگا ھەرێمی" ئەنجام دەدرێت.
ھەروەھا لە میانی کۆڕبەندەکەدا، دوو دانیشتن لەبارەی "تەکنەلۆجیای نوێ بۆ گواستنەوە بۆ وزەی زیرەک و تێڕوانییەکانی پەیوەندیدار بە سووتەمەنی" و "پارەدارکردنی گواستنەوەی وزە: چاوەڕوانییەکان و کارە لەپێشینەکان" ئەنجام دەدرێن.