Zana Natık Kerem
08 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2023
ھەولێر – AA
بانکی رافیدەین رایگەیاند کە لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە ھەزار و ٣٢٠ دیناری عێراقی بە گەشتیاران دەفرۆشێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارێکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسەندکرد کە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ھەزار و ٣٠٠ دیناری عێراقی دیاری کردووە.
بانکی رافیدەین لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دۆلار بەرامبەر دینار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت.
راشیگەیاندووە کە لەئێستادا لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، نرخی یەک دۆلار بەرامبەربە ھەزار و ٣٢٠ دینار بە گەشتیاران دەفرۆشێت.
دوێنێ بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە لە ھەشتی شوباتی ٢٠٢٣ەوە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو کە نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ھەزار ٣٠٠ دینار دیاریی کراوە و فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان لەڕێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دیاریی کراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەک دۆلار لە بانکەکاندا بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دیاریی کراوە.