Ebru Şengül Cevrioğlu
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٩٢ دۆلار و ٧٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ٩٤ دۆلار و رۆژەکەی بە ٩٢ دۆلار و ٦٩ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٢٣ــەوە، بە بەراوورد بە نرخی داخستنی لە دوێنێدا، بەڕێژەی ٠،٠٣ بەرزبووەتەوە و بە ٩٢ دۆلار و ٧٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٩١ دۆلار و ٤٢ سەنت فرۆشرا.
هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەیی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ خواستی بەهێزی جیهانی لەسەر نەوت، هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و ئەو نیگەرانیانەی لە ئەمریکا بەهۆی سەرماوە لەسەر کەمبوونەوەی خستنە رووی نەوت دروست بووە.
هەفتەی رابردوو، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی سعوودیە ئارامکۆ بڵاوی کردەوە کە لە مانگی شوبات و ئاداردا، نرخی نەوتی خاو بۆ بەکاربەرانی نەوت لە ئاسیا بەرز دەکاتەوە، ئەوەیش پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات، ئەم هەنگاوەی ئارامکۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو تێگەیشتنەی کە دەڵێت نیگەرانییەکان لەبارەی دابینکردنی ناتەواوی بەردەوام دەبن و خواستیش بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
بەهۆی ئەو سەرما و سۆڵەیەی ئەمریکای گرتووەتەوە، هەفتەی رابردوو پاڵاوگەکانی نەوت لە ویلایەتی تێکساس راگیران و ئەوەش نیگەرانییەکانی کەمی خستنە رووی نەوتی زیاد کرد و بووە هۆکارێکی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
هاوکات دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا لە دوای ١٠ رۆژ بۆ سەرلەنوێ تەواو جێبەجێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، کاریگەر بوو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
بازاڕی نەوت تیشک دەخاتە سەر زانیارییەکانی یەدەگی نەوت کە ئەمڕۆ پەیمانگای نەوتی ئەمریکا بڵاوی دەکاتەوە.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، سبەی داتا فەرمییەکانی یەدەگی نەوت رادەگەیەنێت.
باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٩٣ دۆلار بۆ ٩٣ دۆلار و ٢٣ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٩٢ دۆلار و ٤٧ سەنت بۆ ٩٢ دۆلار و ١٧ سەنت بمێنێتەوە.