Deniz Çiçek Palabıyık
27 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2023
ئەنقەرە - AA
لە مانگی کانوونی دووەمدا لە تورکیا پشکی پیشەسازیی بەرهەمهێنان لە هەناردەکردندا لەسەدا ٩٣،٦ بووە و پشکی کاڵای مامناوەند لە هاوردەکردندا لەسەدا ٨٠،٣ بووە.
داتاکانی پەیوەندیدار بە بازرگانیی دەرەکی لە مانگی کانوونی دووەم بە هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) و وەزارەتی بازرگانیی تورکیا بڵاو کرایەوە.
بەم پێیە، پشکی پیشەسازیی بەرهەمهێنان لەسەدا ٩٣،٦ بووە، پشکی کەرتەکانی کشتوکاڵ و دارستان و ماسی لەسەدا ٤،٢ بووە، هەروەها پشکی کەرتی کانگاکان لەسەدا ١،٦ بووە.
بەپێی پۆلێنبەندی گرووپی ئابوورییە گەورەکان، پشکی کاڵای مامناوەند لە هاوردەکردندا لەسەدا ٨٠،٣ و پشکی کاڵای بەکاربەر لەسەدا ٨،٧ بووە.
- ئەڵمانیا لە هەناردەکردندا، رووسیا لە هاوردەکردندا لە پلەی یەکەمدان
ئەڵمانیا پلەی یەکەمی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا گرتووە کە لەو مانگەدا هەناردەکردنیان بۆ کراوە. بە بڕی یەک ملیار و ٨٢٦ ملیۆن دۆلار هەناردە بۆ ئەو وڵاتە کراوە.
ئەمریکا به یەک ملیار و ١٨٦ ملیۆن دۆلار، رووسیا به یەک ملیار و ٤٣ ملیۆن دۆلار، بەریتانیا به ٩٥٤ ملیۆن دۆلار و ئیتاڵیا به ٩١٦ ملیۆن دۆلار لە دوای ئەڵمانیاوە دێن. هەناردەکردن بۆ ئەو پێنج وڵاتە لەسەدا ٣٠،٦ی کۆی هەناردەکردنی پێکهێناوە.
مانگی رابردوو رووسیا لە پلەی یەکەمی هاوردەکردندا بووە. لە کاتێکدا بڕی هاوردەکردن لە رووسیا لە مانگی کانوونی دووەمدا، پێنج ملیار و یەک ملیۆن دۆلار بووە، سویسرا بە چوار ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دۆلار، چین بە سێ ملیار و ٥٥٧ ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا بە یەک ملیار و ٨٠٧ ملیۆن دۆلار و ئەمریکا بە یەک ملیار و ٢٢٩ ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم تا پینجەم دێن. هاوردەکردن بۆ ئەو پێنج وڵاتە لەسەدا ٤٧،٤ی کۆی هاوردەکردنی پێکهێناوە.
لە مانگی کانوونی دووەمدا هەناردەکردن بەراورد بە مانگی پێشوو بە رێژەی لەسەدا ٤،٢ کەمی کردووە و هاوردەکردن بە رێژەی لەسەدا ١٠،٧ زیادی کردووە. لە مانگی کانوونی دووەمدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو، هەناردەکردن بە رێژەی لەسەدا ٧،٣ و هاوردەکردن بە رێژەی لەسەدا ١٨،١ زیادی کردووە.
- داتاکانی سیستەمی بازرگانیی تایبەت
بەگوێرەی سیستەمی بازرگانیی تایبەت، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پێشوو لە مانگی کانوونی دووەمدا هەناردەکردن بە رێژەی لەسەدا ٥،٣ زیادی کردووە و بڕی ١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دۆلار بووە، هاوکات هاوردەکردن بە رێژەی لەسەدا ١٨،٧ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣١ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن دۆلار.
لە مانگی کانوونی دووەمدا، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی بە رێژەی لەسەدا ٤٠،٦ زیادی کردووە و لە ١٠ ملیار و ١٧٠ ملیۆن دۆلارەوە بووەتە ١٤ ملیار و ٣٠٢ ملیۆن دۆلار.
لە کاتێکدا رێژەی هەناردەکردن بەرامبەر هاوردەکردن لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، لەسەدا ٦٢،١ بووە، لە مانگی رابردوودا رێژەکە بۆ لەسەدا ٥٥،٢ دابەزیوە.