Heman Hussein Yaseen
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2022
هه‌ولێر-AA
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جووتیار عادل رایگه‌یاند: "له سه‌ره‌تادا پلانمان وایه هه‌موو كێڵگه‌كانی غاز به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێته‌وه و دوای پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ، ئینجا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین".
جووتیار عادل له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد كه به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران قوباد تاڵەبانی به‌ڕێوه‌چوو.
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی، باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە لە رێگای گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێک رێز لە سیستەمی دیموکراسی و دەنگی ھاووڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت".
جووتیار عادل ئاماژه‌ی بهوهشیكرد كه مه‌سرور بارزانی جەختی لە گرنگیی ھاوھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان کردەوە . دووپاتیشی کردەوە کە "ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت".
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكی ساڵی نوێیی خوێندن كرد و رایگه‌یاند: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌كاری و پێداویستییه‌كانی خوێندن له‌لایه‌ن وەزیری پەروەردە بە وەکالەت، ئانۆ جه‌وهه‌ر و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئارام محەمەد قادر بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێی ٢٠٢٣- ٢٠٢٢ خرایەڕوو، هاوكات وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە بڕیارە لە ١٣ی ئەم مانگە لە قوتابخانەکان دەست پێ‌بکات، لە ھەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە لە کارنامەی ئەم کابینەیەدا و بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو داواکاری و پێشنیازانەی لە لایەن ھەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ کۆبونەوەی ئەنجوومەن و بە بایەخیشەوە باس لە گرنگیی پلانی ھەردوو وەزارەت کرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی رەھەندی نیشتمانی‌یان ھەیە وەک خۆشەویستی نیشتمان وئاشتیی و بەیەکەوەژیان و مەترسییەکانی بەکارھێنان و بڵاوبونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و توندوتیژی و خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا وئامێرەکانی پەیوەندی".
گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی ئاماژه‌ی به درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه كرد و گوتی: "لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەكه‌دا، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، کەمال محەمەد ساڵح و، وەزیری دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب، باسیان لە ئامادەکاریی پێویست بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتییان کرد لە وەرزی زستان، ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، هه‌ر بۆیه‌ش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەمبارەیەوە ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بە تایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی و نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا راسپێردران بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، جووتیار عادل ئاماژه‌ی به رۆڵی كارمه‌ندانی گرێبه‌ست و هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا كرد و رایگه‌یاند: "گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و دامەزراندنی ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کرا کە تا ئێستا دانەمەزراون. ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیرکردنی رۆڵی کارمەندانی گرێبەست لە بەڕێوەبردن وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی و پێداویستی زانکۆکان بە خزمەتی ھەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا، بڕیاریدا کە ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتی راژە بکرێت کە تازە دەستبەکاربووە لە ھەرێمی کوردستان تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پۆڵێنی ھەردوو بابەتەکە بکەن و لەبەر رۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکان، بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت و بە جۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی میلاکاتی حکوومەت، ھەروەھا لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی و پسپۆڕیی لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی راژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بکرێت و گەڵاڵە بکرێت بۆ بڕیاردان".
له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم، جووتیار عادل رایگه‌یاند: "ئێمه ئاماده‌ین رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین به مه‌رجێك به‌پێی ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانی عێراقی نوێ بن، نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می رژێم، ئێمه ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین له‌سه‌ر شایسته داراییه‌كانی هاووڵاتییان، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌موو خه‌رجی و داهاته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دراوه به حكوومه‌تی به‌غدا، هیوادارین ئه‌و حكوومه‌ته یان حكوومه‌تی داهاتوو پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه یاسای بوودجه به‌شێكه له شه‌فافیه‌ت به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه حكوومه‌تی عێراق بوودجه‌ی نییه له هه‌مانكاتدا رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك گرفتی وه‌ك كۆرۆنا و دابه‌زینی داهات بووینه‌وه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا له‌باره‌ی هه‌نارده‌ی غاز و پێداویستی ناوخۆ، جووتیار عادل رایگه‌یاند: "له سه‌ره‌تادا پلانمان وایه هه‌موو كێڵگه‌كانی غاز به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێته‌وه و دوای پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ، ئینجا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه ماوه‌ی حه‌وت ساڵه راگیراوه، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جووتیار عادل گوتی: "ئه‌وه په‌یوه‌سته به یاسای بوودجه‌وه، ده‌بێت میلاكات ده‌ستنیشان بكه‌یت، ئێستا له قۆناغی ئه‌وه‌داین كه وه‌زاره‌تی دارایی راپۆڕتێك له‌مباره‌یه‌وه ئاماده بكات و دواتر دیراسه بكرێت، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی گشتییدابێت، ده‌یكه‌ین".