Ozhin Ramadhan Salih
18 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2021
کەرکووک – AA - ئۆژین رەمەزان ساڵح
نەخۆشخانەی تورکی ٤٥٠ قەڕەوێڵەیە و نۆ نھۆمە و بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، نەبیل حەمدی بوشناق دەڵێت "بەتەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیە سەرجەم کێشە تەندروستییەکانی شارەکە چارەسەر دەبن".
ساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی کەرکووک دانرا، بەڵام پاش ساڵێک کارکردن تیایدا بەھۆی نەبوونی بوودجە و کێشە ئەمنییەکانی شارەکە، کارەکانی راگیرا و ئێستا پاش حەوت ساڵ دەستکراوە بەدروستکردنەوەی نەخۆشخانەکە.
ئەو نەخۆشخانەیە دەکەوێتە گەڕەکی دۆمیز و لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای ئێڵجی و ھێرتزی تورکییەوە دروست دەکرێن کە تێچووی پڕۆژەکە لەسەر سەر وەزارەتی تەندروستی عێراقە و لەئێستادا لەسەدا ٣٠ی کارەکانی تەواوبووە.
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، نەبیل حەمدی بوشناق لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆی گوتی: "نەخۆشخانەی تورکی یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورە و گرنگەکان و لە رۆژی پێنجی یەکی ئەمساڵ دەستکرایەوە بەکارکردن لەو پرۆژەیە و بەپێی گرێبەستی ھەردوو کۆمپانیای تورکی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەبێت لە ماوەی ٨٥٠ رۆژدا ئەو نەخۆشخانەیە تەواوبکرێت، چونکە کەرکووک پێویستییەکی زۆری بەو نەخۆشخانەیە ھەیە و لە چەند رۆژی رابردوودا، نەخۆشخانەی تورکی لە پارێزگای ناسرییە کرایەوە کە بەشێوازێکی جوان و ناوازە دروستکراوە و بەھیواین نەخۆشخانەی تورکی کەرکووکیش لەکاتی دیاریکراوی خۆی بکرێتەوە، چونکە بۆ کەرکووک و پارێزگاکانی تری عێراق گرنگی خۆی ھەیە".
نەبیل حەمدی بوشناق سەبارەت بە ھۆکاری دواکەوتن و وەستانی کارەکانی نەخۆشخانەکە گوتی: "بەھۆی ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و تێکچوونی دۆخی ئەمنی شارەکە، ھەردوو کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کارەکانیان راگرت و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام پێویستی شاری کەرکووک بۆ نەخۆشخانەکە وایکرد وەزارەتی تەندروستیی عێراق کێشە ئەمنی و ماددیەکان چارەسەر بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی نەخۆشخانەی تورکی کەرکووک و ئێستا دەستکراوە بەکارکردن تیایدا".
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، نەبیل حەمدی بوشناق لەبارەی پێویستی شاری کەرکووک بۆ نەخۆشخانەکە و کێشە تەندروستییەکانی رایگەیاند کە بەتەواوبوون و کردنەوەی نەخۆشخانەی تورکی سەرجەم کێشە تەندروستییەکانی شاری کەرکووک چارەسەر دەبێت، چونکە ژێرخانێکی گرنگی تەندروستی ھەیە و بەشەکانی نەخۆشخانەکەیش لە چەندین بەشی گرنگ پێک دێن.
نەخۆشخانەکە لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای ئێڵجی و ھێرتزەوە جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە پاش ٨٥٠ رۆژی تر سەرجەم کارەکانی نەخۆشخانەکە تەواوبێت و بە پێی زانیارییەکان تێچووی پڕۆژەکەش ١٤٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
لەبارەی دەستکردنەوە بەکارەکانی نەخۆشخانەی تورکی نوێنەری کۆمپانیای ئێڵجی حسین بەیاتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەخۆشخانەی تورکی یەکێکە لە پرۆژە تەندروستییە گەورەکان کە کۆمپانیاکەمان ئەرکی دروستکردنی نەخشە و بینای نەخۆشخانەکە کە لەسێ بەشی گرنگ پێک دێت کە بەشی یەکەم شوێنی نەخۆشخەکانە و بەشی دووەم شوێنی نیشتەجێبوونی پزیشکانی نەخۆشخانەکەیە و بەشی سێیەمیش بەشی چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجەیە کە پزیشکی نەوەوەییە کە ئەم بەشە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ناوچەکە".
سەبارەت بە راگیرانی کارەکانی نەخۆشخانەکە حسین بەیاتی گوتی: "بەھۆی کێشەی ئەمنی و ھاتنی تیرۆریستیانی داعش و نەبوونی بوودجەی پێویست وایکرد کارەکردن لە نەخۆشخانەکە وەستا، بەڵام ئێستا بەگڕوتینەوە دەستمان بەکارکردن لە نەخۆشخانەکە کردۆتەوە".
لە کەرکووک چوار نەخۆشخانەی گەورە ھەیە کە ئازادی فێرکاریی، منداڵان، نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک و نەخۆشخانەی منداڵبوونە.
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک، نەبیل حەمدی بوشناق ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە سەرجەم نەخۆشخانەکانی شارەکە فشاری نەخۆشیان لەسەرە و بەتەواوکردنی نەخۆشخانەی تورکی سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.