Heman Hussein Yaseen
15 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بواری گومرکەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی ناو دەروازەکان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لەبارەی پرسی دەروازە سنوورییەکان و گومرکەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوەچووە کە تیایدا، وەزیری ناوخۆ و وەزیری و دارایی و ئابووری راپۆڕتی خۆیان تایبەت بە پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بە سەرجەم یاسا و رێنمایی و گرێبەستەکان خستووەتەڕوو.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجامدراوە و پرسی چاکسازی لە داھاتە گشتیییەکان، دەرەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی بواری گومرک و لێخواشبووانی گومرک و دەروازە سنوورییەکان تاوتوێ کراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوکەدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ھەردوو بابەتەکە داوە و ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە چاکسازیکردن و رێکخستنەوەی داھاتە گشتییەکان، ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیەیە و بابەتەکانی پەیوەست بە گومرکەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکانیشی بە بەشی گرنگی ئەم چاکسازییە لە داھاتی گشتیی زانیووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای جەختکردنەوە لە پشتیوانی حکوومەتی ھەرێم بۆ کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی و برەودان بە ھاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت لە بووژاندنەوەی ئابووری ھەرێم و دەستخستنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان، بڕیاردراوە کە سەرجەم دەروازە سنووریی و خاڵە گومرکییەکان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە و ھەموو ئەو لێخۆشبوونە گومرکیانەش کە لە دەرەوەی یاساکان دراون ھەڵبوەشێنەوە، ھەروەھا سەبارەت بە گرێبەستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە دەروازە سنوورییەکانیش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن.
هەر بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجامی کۆتایی ووردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەمیان تەواو بکرێت و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی گشتیی و بە رەچاوکردنی یاسا و رێنماییەکان، بڕیاریان لە بارەوە بدرێت.