Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند كە پێشنیازی كردووە، كۆمپانیەكی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێندرێت و ئاماژە بەوەیش دەكات كە لێكتێگەیشتنی باش سەبارەت بە سیاسەتی نەوت لەنێوان هەردوولادا هەیە.
ئێحسان عەبدولجەبار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق گوتی: "دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال، بە ئاراستەیەکی باش دەڕوات بۆ ئەوەی هەردوولا لە چوارچێوەی دەستووردا، چارەسەرێكی گونجاو بۆ ناكۆكییەكانی نێوانیان سەبارەت بە بەرهەهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بدۆزنەوە".
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار راشیگەیاند كە پێشنیازی كردووە، كۆمپانیەكی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێندرێت كە لە رووی هونەری و كارگێڕییەوە ببسترێتەوە بە سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدرال ئەوەیش لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و هەرێم و گوتی:
"لە چوارچێوەی دانوستانەكانی ئێستادا، لێكتێگەیشتنی باش سەبارەت بە سیاسەتی نەوت لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و هەرێم هەیە.
گوتیشی: "هەرێم بە ئەرێنییەوە هەوڵی چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكییەكان دەدات سەبارەت بە سروشتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و بڕی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، جگە لەوەیش ئاماژەی ئەرێنیی لە دانوستانەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێم بەدی كراوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا، ئێحسان عەبدولجەبار ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە دانوستانەكانی ئەمجارەدا، دید و بۆچوونی نوێ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدرال بوونی هەیە و گوتی:
"بەپێی دەستوور وەزارەتی نەوت، سامانی نەوت چی لە هەرێم یان ئەو پارێزگایانەی كە تیایاندا نەوت بەرهەم دەهێندرێت، بەڕێوەدەبات".