Cebrail Caymaz
12 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2022
کلیس - AA
شاری کلیس یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون و زەیتی زەیتوون لە تورکیا، لەو زەیتوونانەی لە درەختە بەتەمەنەکانی شارەکە کۆدەکرێنەوە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر زەیتی زەیتوون دروست دەکرێت.
بەهۆی ئەو تام و چێژەی درەختە تەمەن چەند سەدەکانی شارەکە دەیدەنە زەیتوونەکان، هەم زەیتوون و هەم زەیتی زەیتوونی کلیس تام و چێژێکی ئێجگار نایابی هەیە و چاوەڕێ دەکرێت لەمساڵدا لە چوار ملیۆن درەخت، نزیکەی ١٠ هەزار تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەمبهێنرێت.

زەيتوونەکان دوای پێگەیشتنیان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە کارگەکان، دواتر قۆناغی کوتانی زەیتوونەکان دەستپێدەکات، کاتێکیش زەیتوونە کوتراوەکە وەک هەویری لێدێت، لە ئامێری تایبەتدا دەگوشرێن و زەیتەکەیان لێدەردەهێنرێت.
لە کۆتا قۆناغیشدا زەیتەکە دەپاڵێورێت و دەکرێتە شوشەوە، بەم شێوەیەش ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بچێتە سەر سفرە و خوانەکان.
- لە دەرەوەی وڵاتیشەوە خواست لەسەر زەیتی زەیتوونی کلیس هەیە
زەیتی زەیتوونی کلیس کە وەک بەرهەمێکی شارەکە ناوی تۆمار کراوە، نەک تەنها لە ناوخۆی تورکیا بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیشەوە خواستی لەسەرە.

سەرۆکی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی زەیتوونی ئەندامیی کلیس، حوسێن پۆڵات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە دار زەیتوونەکانی کلیس تەمەنێکی زۆریان هەیە و رایگەیاند "درەختمان هەیە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥٠-٣٠٠ ساڵدایە، جووتیارەکانمان زۆر بەباشی خزمەتی ئەم درەختانە دەکەن. زەیتی زەیتوونی ئەم درەختانە بەسوودتر و باشترن. لە ١٠٠ کیلۆگرام زەیتوون دەتوانرێت ٤٥-٥٠ کیلۆگرام زەیتی زەیتوون بەرهەم بهێندرێت".
پۆڵات ئاماژەی بەوەشدا کە لە سایەی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی زەیتوونی ئەندامی کلیسەوە، زەیتی زەیتوونی شارەکە بووەتە خاوەنی ئەو بەهایەی کە شایەنییەتی، گوتیشی"لەسایەی حکوومەت و یەکێتییەکەوە زەیتی زەیتوونی کلیس گەیشتووەتە بازاڕەکانی جیهان، بۆ وڵاتانی ئەمریکا، عوممان، قەتەر، کەنەدا و بۆ یەکەمجاریش ئەمساڵ زەیتمان بۆ ئەڵمانیا هەناردە کرد. ئەمساڵ خواستێکی زۆر هەبوو، بەتایبەت لە ئێرانەوە کە داوای نزیکەی هەزار تۆن زەیتی زەیتوونیان کرد. زەیتی زەیتوونی کلیس هەمان تاموچێژی زەیتی زەیتوونی سووریای هەیە، بەهۆی نائارامییەکانی سووریاوە ئێران رووی لە زەیتی زەیتوونی کلیس کردووە".

ناوبراو، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ساڵی رابردوو ١٠٠ تۆن زەیتی زەیتوونیان هەناردە کردووە و ئامانجیشیانە لەمساڵدا ١٢٥ تۆن زەیتی زەیتوون هەناردە بکەن.
جێی ئاماژەیە پارێزگای کلیس لە سەدا پێنجی بەرهەمی زەیتی زەیتوونی هەموو تورکیا پێکدەهێنێت.