Firdevs Yüksel
13 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨٣ دۆلار و ١٧ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٨٤ دۆلار و ٢٣ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٨٣ دۆلار و ٤٢ سەنت تەواو کرد، بەڵام کاتژمێر ١٠:٠٧ی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٣٠ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٨٣ دۆلار و ١٧ سەنت فرۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٨٠ دۆلار و ٣٦ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی خەڵووز و غازی سروشتیی لە جیهاندا و بەتایبەت لە ناوچە پیشەسازییە گرنگەکانی وەک چین، هیندستان و ئەورووپا وای کردووە ماوەی هەڵئاوسانی گەورەی ئابووری زیاتر لەو ماوەیەی کە چاوەڕوان دەکرا درێژببێتەوە و گەشەی ئابووری جیهانیش هێواش ببێتەوە، ئەمانەش بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوتی خاو دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەو راپۆرتەیدا کە دوێنێ بڵاوی کردەوە، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە لەسەدا شەشەوە بۆ سەدا ٥،٩ کەم کردووەتەوە.
هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دراوە بیانییەکان، وای کردووە ئەو وڵاتانەی بۆ کڕینی نەوتی خاو دراوی دیکە بەکاردەهێنن، کڕینی نەوت لەسەریان گران ببێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتە.