Ebru Şengül Cevrioğlu
10 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2020
ئیزمیر- AA
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ ٤٩ دۆلار و ٥٥ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٤٨ دۆلار و ٨٦ سەنت تەواو کرد. کاتژمێر ٠٩:٤١ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٠،١٨ بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٤٨ دۆلار و ٩٥ سەنت.
هاوکات بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٤٥ دۆلار و ٦٦ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
دەستکردن بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لە بەریتانیا، ئەمریکا و ئوسترالیا، ئامادەکاری وڵاتانی دیکەش بۆ دەستکردن بە پرۆسەی ڤاکسیندان دوای کڕینی ڤاکسینەکە، رۆڵی هەبووە لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا. واش چاوەڕوان دەکرێت لە دوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە رێوشوێنەکان کەمبکرێنەوە و ئابووری بەخێرایی ببوژێتەوە، ئەمەیش ئومێدی دروستکردووە کە دووبارە خواست لەسەر نەوت زیاد بکاتەوە.
بۆ یەکەمجار رۆژی سێشەممە لە بەریتانیا دەست بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا کرا. ئەمریکاش پلانی وایە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە بەکارهێنانی دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار ژەم لە ڤاکسینەکە بکات.
هەروەها کەنەدا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینەکە نیشانداوە و بەوپێیە لە دوای بەریتانیا، دەبێتە دووەم وڵاتی جیهان کە رێگەی بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا دابێت.
پلانیش وایە ئوسترالیا لە سەری ساڵدا، دەست بکات بە بەکارهێنانی ١٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین .
لە لایەکی دیکەشەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، نەوتی عەمبارکراوی ئەو وڵاتە خێراترین بەرزبوونەوەی هەشت مانگی ئایندەی تۆمارکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا هەفتەی رابردوو ١٥،٢ ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٥٠٣،٢ ملیۆن بەرمیل. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشبینییەکانی بازاڕ وابوو ١،٥ ملیۆن بەرمیل کەم بکات. ئەمەش رێگری لە هەڵکشانی زیاتری نرخی نەوت کرد.
لە بەرامبەردا بەهۆی ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستی بۆسەر دوو بیرە نەوت لە عێراق، بەرهەمهێنانی نەوت کەمی کرد و ئەمەش رۆڵی هەبوو لە زیادبوونی نرخی ئەو سووتەمەنییە ستراتیجییە.