08 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمجەد عوقابی رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، رادەستی بەغدا دەکات.
لەوبارەیەوە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئەمجەد عوقابی رایگەیاندووە "لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەرێمی کوردستان داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا رادەستی بەغدا دەکات".
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمجەد عوقابی باسی لەوەیش کردووە کە یاسای نەوت و گاز میکانیزمی مامەڵەکردن سەبارەت بە نەوتی هەرێم و بەسرە دەگرێتەوە کە ئەوەیش لەڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)وە دەبێت و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوە لە چوارچێوەی ئەو یاسا گرنگانەدا دەبێت کە لە میانی چەند رۆژی داهاتوودا، پەسەند دەکرێن.
تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
لە كۆتایی ٢٠١٩دا، وەزیری پێشووی نەوت لە عێراق، سامر غەزبان رایگەیاندبوو لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەرێم داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی (SOMO) بكات و لەبەرامبەردا، حكوومەتی عێراق پشكی هەرێم لە بوودجەی گشتیی بنێرێت.