Sarmand Hameed
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە ١٢ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت کە لە میانیدا خوێندنەوەی یەکەم و دەنگدان بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەکرێت.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کراوە، لە خاڵی دووەمدا ھاتووە کە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەکرێت.
مانگی ئەیلوولی رابردوو، حکوومەتی عێراقی فیدرال بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی پرۆژە یاسای قەرزی ناوخۆیی بەبڕی ٤١ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٣٤ ملیار دۆلار) رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ پەسەند کردنی بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ سێ مانگی داھاتوو.
پێشکەشکردنی ئەم پرۆژە یاسایە بە ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ئەوە ھات کە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول حکوومەتی عێراقی فیدرال پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠ی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی بوودجەکە بە ١٤٨ تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوو، ھەروەھا کورتھێنان تیایدا لە سەرووی ٨١ تریلیۆن دینار بوو.
بەھۆی بوونی تێبینی لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە، حکوومەت پرۆژەکەی لە پەرلەمان کشاندەوە و لە بەرامبەردا پرۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی پێشکەش کرد تاوەکو بتوانێت مووچەی سێ مانگی داھاتووی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی بدات.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، حکوومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە پێویستی بە شەش تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە داھاتی حکوومەت بە داھاتی نەوتی و نا نەوتی لە مانگی تشرینی یەکەم نزیکەی چوار تريلیۆن دیناربووە.
لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی عێراقی فیدڕال چاوەڕێی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی داراییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو دەسەڵاتی پێبدرێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە بانکەکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران لە وادەی خۆیدا بدات و چارەنووسی مووچەی سێ مانگی داھاتووی فەرمانبەران و مووچەخۆران پەیوەستە بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە.
دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق لە رۆژی ١٥ى ھەموو مانگێک دەست پێدەکات و لە رۆژی ٢٦ی ھەمان مانگ کۆتایی دێت، بەڵام مانگی ئەیلوولی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بەھۆی قەیرانی داراییەوە دواکەوت.
بەھۆی ئەوەی عێراق وەک داھاتی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و لە ئێستادا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ کە بووەتە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی نەوت، عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.
مانگی ئەیلوولی رابردوو، کۆی داھاتی فرۆشتنی نەوت لە عێراق گەیشتووەتە ٣.١ ملیار دۆلار، لە کاتێکدا بەغدا بۆ پێدانی مووچەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار فەرمانبەری دەوڵەت پێویستی بە پێنج ملیار دۆلار ھەیە.
ئەگەر چی حکوومەتی عێراق ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازیی دەستپێکردووە تاوەکو لەو رێیەوە نتوانێت خەرجییەکانی کەمبکاتەوە و داھاتەکانی زیاد بکات، بەڵام ھێشتا کاریگەرییەکانی ئەو ھەنگاوانە بەرجەستە نەبوونە و رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی دارایی وڵات نەبووە.
عێراق، لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا تێکڕای رۆژانە ٤.٦ملیۆن بەرميل نەوت بەرھەم دەھێنێت و لە سەدا ٩٠ی داھاتەکانی پشت بە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.