Muhammet Ali Kemal
20 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2016
شارەزایان پێیان وایە كە پێ دەچێت بەهۆی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە بەرزببێتەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ ٢٠ دۆلار دابەزێت.
شارەزای بواری نەوت جونەیت كازاكئۆغڵو لە كۆمپانیای راوێژكاریی (FGE) كە ناوەندەكەی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، لە روونكردنەوەیەكیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو نەوتەی ئێران پلانی هەیە بیخاتە بازاڕەكانەوە، كە لەئێستادا لە بازاڕەكاندا بڕی نەوت لە ئاستی داواكاری زیاترە، ئەمە جگە لەوەی كە كەشوهەوا روو لە گەرمی دەكات پێدەچێت نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ئاستی ٢٠ دۆلار دابەزێت''.
كازاكئۆغڵو باسی لەوە كرد" كە ئەو نەوتەی لە ئێران پاشەكەوتكراوە و بریتییە لە ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل و لە تانكەرەكاندا چاوەڕێی پێ دەكرێت، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لە ماوەیەكی كورتدا بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل زیاد دەكات."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ ئەوە دا كە" دوای زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئێران بەبڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، چاوەڕوان دەكرێت لەكۆتایی ساڵدا بگاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل."
شیكەرەوەی پێشكەوتووی بواری نەوت كریستۆفەر هایەنس لە كۆمپانیای لێكۆڵینەوەی (BMI) كە ناوەندەكەی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئاماژەی بەوە كردو گوتی" كە لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەر نرخی نەوتدا نەهاتووە و نرخی نەوت لەسەدا ٢٠ دابەزیوە وبەبڕوای من ئێران دەتوانێت كاریگەری لەسەر نرخی نەوت بەجۆرێك درووست بكات كە لەسەدا ٥٠ دایبەزێنێت و بیگەیەنێتە ئاستی ٢٠ دۆلار''.
هایەنس ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران لەپێش هەڵگرتنی سزاكان رۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەكانی ئەورووپا كردووە و ئامانجی یەكەمی ئەو وڵاتە دیسان هەناردەكردنی نەوتە بۆ بازاڕەكانی ئەورووپا.