Hamit Hüseyin
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
ئەمڕۆ چووارشەممە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ پیشەسازی و پلاستیک و پێداویستی نێوماڵ و شوشەوات و بەرھەمەکانی پەتروکیمیاویی و کەلوپەلی جوانکاری و چاپەمەنی و بەرھەمەکانی کاغەز، بە بەشداری دوو سەد کۆمپانیا لە ٩ نۆ وڵات کرایەوە.
پارێزگاری ھەولێر نوزاد ھادی لە پێشانگەیەکە بۆ میدیای تورکیا دوا و گوتی: "کردنەوەی ئەو پێشانگایەنە لە ئێستادا نیشانەی بوونی بازاڕە لە ھەرێمی کوردستان و نیشاندەری پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و کەرتی تایبەتە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەوش نیشاندەری جووڵەی بازاڕە کە لە چوارچێوەی کار و سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێمەیە و ھەروەھا لە ھەموو پێشانگەکانی ھەرێمی کوردستان، وڵاتانی تورکیا و ئیران ھەمیشە پشکی شێریان بەرکەوتووە و زۆر کارا بوون".
نەوزاد ھادی لە درێژەدا گوتی: "ئێمە سەردانەکانی شاندی بازرگانی ئەمریکا و تورکیاش بە بەرز دەنرخێنین و ئەو سەردانانە جێی بایەخن و ئاشکرایە ئەوان بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئێمە و بەتایبەتی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن".
بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر عەبدوڵا ئەحمەد ھەروەھا گوتی: "ئەم پێشانگەیە لە مەجالی جوانکاری و کەلوپەلی نێوماڵە و نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیا لە ٩ وڵات بەشداریان کردووە و ئەوەش بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و پەیامێکە بۆ ئەو کۆمپانیانە کە ھاتوچۆیان ھەیە با ببینن کە پێشانگە و چاڵاکییەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامە".