Zana Natık Kerem
17 ئادار 2026•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2026
ھەولێر ــ AA
ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن و چاوەڕوان دەکرێت سبەی چوارشەممە، ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەلومەرجە نائاساییەی ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەشمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە، بڕیارمانداوە بە زووترین کات ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری ھەرێمی کوردستانەوە بدەین".
ھەروەھا مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە: "ھاوتەریب لەگەڵ بەغدا گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ھەڵگرتنی بەپەلە سنووردارکردنەکانی ھاوردەکردن و بازرگانیکردن بۆ ھەرێم، ھەروەھا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا دەست بە بەرھەمھێنان بکەنەوە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سوپاسی ئەمریکای کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لەو پڕۆسەیە و ڕایگەیاندووە: "سوپاسی دڵسۆزانەم ئاراستەی ھاوبەشەکانمان دەکەم لە ئەمریکا بۆ ڕۆڵ و پشتیوانی بێوچانیان لەم پرۆسەیەدا".
لە بەرامبەردا وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەغدا و ھەولێر لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە سبەینێ کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە ھەناردەکردنی نەوت لە بۆڕی ھەرێمی کوردستان دەست دەستپێدەکاتەوە و گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی لە بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکرێت".