Heman Husseın Yaseen
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید ئاماری ئەمساڵی خستەڕوو و رایگەیاند کە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ قەبارەی هاوردەکردن بە چوار ملیار دۆلار زیادیکردووە.
گەیلان حاجی سەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەو وڵاتانەی کاڵایان لێ ھاوردە دەکەین ۹٦ وڵاتە و کۆی گشتی کاڵای ھاوردەکراویش بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی ساڵی ۲۰۱۹دا، ٤۸ ملیار و ۹۷۰ ملیۆن دۆلار بووە و بەراورد بە ساڵی ۲۰۱۸، چوار ملیار دۆلار کاڵای ھاوردەکراو زیادیکردووە چونکە لە ۲۰۱۸ بە ٤٥ ملیار و ٥٦۷ ملیۆن دۆلار کاڵا ھاوردە کراوە، ئەم بڕە پارەیەش جگە لە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و گاز کە لە وڵاتی ئێران هاوردە کراوە، دوو ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار کاڵا ھاوردە کراوە".
گەیلان حاجی سەعید گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۸دا بە بەهای ۲٦ ملیار و ۸۸۱ ملیۆن دۆلار ھاوردەکردنی کاڵا ھەبووە، بەڵام رێژەکە لە ۲۰۱۹ دابەزیووە بۆ ۲۰ ملیار و ۹۲٦ ملیۆن دۆلار، ھۆکاری دابەزینی رێژەی ھاوردەکردنیش بەرێژەی سەدا ٢٢ لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەھۆکاری یەکخستنی پێناسی گومرکی بووە کە لە سنوورەکانی عێراق جێبەجێ نەدەکرا ئەمەش وایکرد ھاوردەکردنی کاڵا لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە، ھەرچەندە لەدوای مانگی ئەیلوول ھاوردەکردن لە سنوورەکانی ھەرێم زیادیکردەوە بەھۆی پشێویەکانی عێراق و داخستنی بەشێک لە سنوورەکانی عێراق یان بازرگانەکان لەبەر نیگەرانییەکان، سنوورەکانی ئێمە بەکاردەهێنن لەبری سنوورەکانی عێراق، بەڵام ئەمەیش شتێکی کاتییە".
گەیلان حاجی سەعید لەبارەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵای لێ هاوردە دەکرێت گوتی: "بە پلەی یەکەم تورکیا و ئێران کاڵایان لێ ھاوردە دەکرێت، لەدوای ئەوانیش وڵاتی چین دێت کە لە نۆ مانگی رابردوودا بە بەهای پێنج ملیار دۆلار کاڵای لێ ھاوردەکراوە".
سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە رەتیکردەوە کە هیچ بەرهەمێکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەناردە کرابێت و راشیگەیاند کە هەندێک پاشماوەی کاغەز و پلاستیک هەناردە دەکرێت، بەڵام ئەمە ناچێتە چوارچێوەی هەناردەکردن.
گەیلان حاجی سەعید گوتیشی: "لە ساڵی ۲۰۱۹دا بە بەهای یەک ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار زێڕ لە ئیماڕات ھاوردەی عێراق کراوە، بە بەهای یەک ملیار و ۲۰۰ ملیۆن دۆلاریش زێڕی شکاو ھەناردەی تورکیا کراوە، لەم رێژەیەش بە بەهای ٤۸۰ ملیۆن دۆلار زێڕ لە ھەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە کراوە".