Muhammed Bilal Kenasari
09 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2015
واشنتۆن
وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر رایگەیاند کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی عێراق بەرامبەر بە داعش لە ئەنبار رەنگە ئەمریکا پێداویستی سەربازیی زیاتر و کارمەندی سەربازیی رەوانەی عێراق بکات.
کارتەر بەشداری لە کۆڕێک لە ژێر ناونیشانی "ستراتێژی ئەمریکا بەرامبەر بە داعش و سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و سووریا" کرد کە لە لایەن کۆمیتەی خزمەتگوزاری ھێزەکانی سیناتۆی ئەمریکا رێکخرابوو و تێدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
کارتەر لە گوتەکەیدا ئاماژەی بەوە دا سوپای عێراق لە رومادی سەرکەوتنی بەرامبەر بە داعش بەدەستھێناوە، بەڵام شەڕەکە ھێشتا کۆتایی پێ نەھاتووە و راشیگەیاند کە ئەگەر عێراق داوا بکات ئەوە ئەمریکا پێداویستی سەربازیی زیاتر و کارمەندی سەربازیی رەوانەی عێراق دەکات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا روونیشی کردەوە کە سوپای عێراق توانیوویە ناوەندی ئەنباری کۆنترۆڵ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا شەڕەکە درێژەی ھەیە و گوتیشی: "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی داوا بکات ئەوە ئەمریکا پێداویستی سەربازیی زیاتر و کارمەندی سەربازیی بۆ راوێژکاریی رەوانەی عێراق دەکات. ھاوکارییەکان بریتی دەبێت لە ناردنی کۆپتەر و راوێژکاری سەربازیی".
کارتەر ئاشکراشی کرد کە پێشڕەوییەکان لە ناوچەکانی سوننی عێراق بە ھێواشی بەڕێوە دەچێت و بە پێویستی زانی حکوومەتی عێراق بە مەبەستی مەشقپێکردنی شەڕخوازانی سوننی و پڕچەککردنیان ھەوڵی زیاتر بخاتەڕوو.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رووسیا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەکەدایە، بەڵام ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامی ھەیە و گوتیشی: "کاتی ئەوە ھاتووە رووسیا شەڕ بۆ لایەنی راست بکات".
سوپای عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبوو کە بە ھاوکاریی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ھێزی ھاوپەیمانان ناوچەی تەمیم لە شاری رومادی لە داعش خاوێن کراوەتەوە.
جێگەی باسە دوای ئەوە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھەندێک لە ناوچەکانی عێراقی کۆنترۆڵ کرد، لە چەند شارێکی عێراق بە تایبەتی لە بەغدا ھێرشی تیرۆریستی و توندوتیژی ھاتە ئاراوە، سوپای عێراق بە ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەوڵ دەدات دووبارە ئەو ناوچانە ئازاد بکات.