Hamit Hüseyin
27 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2015
فەرماندەی رۆژئاوای شنگال، وەحید باکۆزی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گرتنەوەی شنگال گەورەترین زیانی بە داعش گەیاندووە و ھەموو ئامانجەکانی داعش لەم ناوچەیە تێک چووە و ئێمەش لە ئێستادا کە زیاتر لە سەدا حەفتای شنگال کاول بووە و زیان بە ئێزدییەکان گەیشتووە ھەوڵی شنگالێکی نوێ دەدەین و ئەوەش لە بیر ناکەین کە زیاتر لە ٣ ھەزار کەسیان لە دەست داعش ماون و ھەموو ھەوڵی ئێمە ئازادکردنەوەی ئەو کەسانەیە".
لەبارەی پاککردنەوەی شوێنەکانی مینڕێژکراو لە شنگال ناوبراو زیاتر دوا و گوتی: "داعش زیاتر لە ١٥ مانگ لە نێو شنگال مایەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە لەم ماوەیە کار لە سەر مینڕێژکردنی خانوو و کۆڵانەکانی کردووە و لە ئێستاشدا تیمەکانی ھەندەسە بەردەوام پاشماوەکان و تەقەمەنی و شوێنە مینڕێژکراوەکان پاک دەکەنەوە".
وەحید باکۆزی ھەروەھا گوتی: "دەزگەکانی ئەمنی ھەرێمی کوردستان پێش ئەوەی کە شنگال ئازاد بکرێتەوە، زانیاری تەواویان ھەبووە کە شنگال مینڕێژ کراوە و ھەروەھا چەندین ئوتۆمبێلی مینڕێژکراو بەشێوەی کۆنترۆڵ لە رێی دوورەوە ھەوڵی تەقاندنەوەیان دراوە بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی نەبووە و ھەروەھا داعش لەو سنوورە زۆرجار ھەوڵی بەکارھێنانی چەکی کلۆریشی داوە".
وەحید باکۆزی لەبارەی ئەو ھێز و ئالایانەی کە سنووری شنگال ھەڵدراون دەڵێت: "ئەو ئاڵایانەی کە لێرە ھەڵدراون ئەوان ھێزەکانی دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستانن و ئەوان ھێزی شەرعی و دەستووری نین لەو سنوورە و ئەوانیش دەبێ ئیتر بیر لە بەجێھێشنی ئەو ناوچەیە بکەن و ھیچ کاتێک حکوومەت رێگە نادات کە لێرە بمێننەوە".
ناوبراو ھەروەھا گوتی: "ئەو ھێزانەی دەڵێن ئێمە چاوەڕێی وەڵامی حکوومەتی عێراق دەکەین بەڵام پرسیار لەوەدایە کە بۆ حکوومەتی عێراق سکاڵا لە سەر راوێژکارانی تورکیا تۆمار دەکات کە لە ژێر ھاپەیمانێتی نێودەوڵەتی مەشق و راھێنان بە حەشدی نیشتمانی دەکات بەڵام باس لەوە ناکات کە چەند ھێزێکی نایاسایی لەو سنوورە ماون".
ھەروەھا لە کۆتاییدا ئەو فەرماندەیە باس لە حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت: "ھەڵوێستی ئێمە بەنیسبەت حەشدی شەعبی دیارە و دروستکردنی ھەر ھێزێک بەبێ رەزامەندی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە نادەستوورییە و ئەمە بە جاشایەتی وەسف دەکەین و ناکرێت جارێکی دیکە کەسێک شەڕی برایەتی داگیرسێنێت".