Hemin Hüseyin
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2017
هەولێر-AA
دەزگای خێرخوازی بارزانی بەهاوکاری مانگی سووری ئیماڕاتی، ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەری کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان ئەنجامدا.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی و ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماڕاتی، محەمەد عەتیق فەلاح لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردی وەرزشی زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢١٤ بووک و زاوا لەیەک کاتدا پڕۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامدا.
لە ئاهەنگەکەدا تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر ئامادەبوون و چەندین نمایشی جۆراوجۆریان ئەنجامدا و دواتریش تیپی هونەرە میللییەکانی قەردی جان کە لە هونەرمەندانی سووریا پێکهاتبوون ئەوانیش چەند نمایشێکییان ئەنجامدا و دواتریش دیاری تایبەت بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.
لە دەستپێکی ئاهەنگەکەدا، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، پیرۆزبایی لە بووک و زاوایەکان کرد و سوپاسی مانگی سووری ئیماڕاتیشی کرد کە هاوکاربوون لە ئەنجامدانی ئەو ئاهەنگە.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی گوتی: "وێرای پیرۆزباییکردن لەو بەڕێزانەی کە لێرەن، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مانگی سووری ئیماڕاتی هاوکاری ئەو پڕۆسەیەی کردووە و پێشووتریش یارمەتی چەندین پڕۆژەی کردووە و خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە و نەتەوەکان بەبێ جیاوازی ئەنجام دەدەین و هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی بەختەوەر بۆ بووک و زاواکان دەخوازین".
یەکێک لە زاوایەکان خەڵکی گوندی بشیرییانی سەر بە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆکە و ئەو زاوایە لە کەمپەکان کار دەکات و دوای ماوەیەک عەشقی کچێک دەبێت کە کچەکە ئاوارەیە و خەڵکی شاری مووسڵە و ئەو عاشقبوونەش دەیانگەیەنێتە خاڵی بەیەکگەیشتن و پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن.
نەجمان حیکمەت و نووڕ کەریم بڕیار دەدەن کە ژیانێکی نوێ لەدەرەوەی خێوەتەکانی حەسەن شام دەست پێبکەن و ئاوارەیی و تیرۆر نەیتوانی ببێتە رێگر لەبەردەم پێکهێنانی ژیانێکی تازە.
نەجمان حیکمەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو بووک و زاوایە دەکەم کە ئێستا لەم هۆڵە ئامادەن و دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەم بۆ رێکخستن و هاوکاریکردنی ئەو پڕۆسەیە و هەست بە رۆژێکی زۆر خۆش دەکەم و بە هیوای ئەوەم هەموو کوڕ و کچێک بگەن بەم رۆژە و هاوسەرگیری بکەن".
نەجمان حیکمەت یەکتر ناسینی خۆی لەگەڵ نووڕ کەریم ئاشکرا کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی من لە کەمپی حەسەن شام کارم دەکرد و لەوێ ئەو کچەم ناسی و پەیوەندی لەنێوانمان دروستبوو، هەر ئەو پەیوەندییە بووە هۆی ئەوەی کە بڕیار هاوسەرگیری بدەین".
بووکەکە ناوی نووڕ کەریمە و خەڵکی گەڕەکی رەشیدییەی شاری مووسڵە و لە کەمپی حەسەن شام نیشتەجێیە بەڵام لە ئێستا بەدواوە لە شارۆچکەی بشیرییان ژیانێکی نوێ لەناو ماڵێکی تازەدا دەست پێدەکات و ئەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "ئەمڕۆ زۆر ئاسوودەم کە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەین و هیوادارم هەموو کەسێک بەم رۆژە بگات".
بارودۆخ و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا، رێگرنەبوو لەبەردەم بەیەکگەیشتنی کوڕ و کچەکان و نەبووە هۆی راگرتنی پڕۆسەی هاوسەرگیری و ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرەکانیش بەشداربوون لەو ئاهەنگە و ژیانێکی تازەیان دەست پێکرد.
غەسان جاسم و کیفاح مستەفا کە لە کەمپی قوشتەپە نیشتەجێن و لە شاری عەفرین لە وڵاتی سووریا هاتوون و ئەوان لە خێوەتگای قوشتەپە بڕیاری ژیانێکی نوێ دەدەن و غەسان جاسم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هیوادارین کە بارودۆخی وڵاتمان چاک ببێتەوە و بتوانین بە ئاسوودەیی بژین، هەرچەندە ئێرەش وەکو وڵاتی خۆمانە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتەکان ناکرێت و دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و هیوادارین هەموو کەسێک بەم رۆژە بگات".
دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و سەرپەرشتیکردنی ئەو ئاهەنگەش لە ئەستۆی ئەوان بوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، مووسا ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مانگی سووری ئیماڕاتی لە هەموو بوارەکانی هاوکاریکردن درێخییان نەکردووە و ئێمەش لەکاتی بۆنەکاندا بەپێی توانا ئاهەنگی تایبەتمان بۆ رێکخستوون بۆ ئەوەی کەمێک ئەو نەهامەتی و شەڕ و بارودۆخە ئاڵۆزەی کە پێیدا تێپەڕیوون لە بیریان بچێتەوە بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئاهەنگێکی بەم شێوەیە ساز بکرێت".