Salim hemexan
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی شارەزوور بەوەكالەت هونەر جەعفەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئامادەی بوو رایگەیاند "كۆی ئەو بوودجەیەی كە لەماوەی ساڵی 2015دا بۆ كەرتی تەندروستی لەسنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەماندا خەرجكراوە سێ ملیار و 882 ملیۆن و 854 هەزار و 500 دینار بووە، لەماوەی ساڵەكەشدا 670 هەزار و 563 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكەكانی تەندروستییان كردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی شارەزوور لەپارێزگای هەڵەبجە جگە لەسنووری پارێزگاكە دامودەزگاكانی تەندروستیی هەردوو قەزای سەیدسادق و شارەزوور (هەڵەبجەی تازە) لەخۆدەگرێت و خزمەتگوزاریەكانی بۆ زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی سنوورەكەیە.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەزوور لەكۆی ئەو نەخۆشانەی خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشكەش كراوە 33 هەزار و 527 نەخۆشیان ئاوارەی نیشتەجێی سنوورەكە بوون، لەماوەی ساڵەكەشدا كۆی ئەو نەخۆشانەی لەنەخۆشخانەكاندا خەوێنراون 13 هەزار و 210 نەخۆش بووە.
هەر بەپێی ئامارەكان لەساڵی 2015دا 3236 منداڵ لەدایك بوون كە 1629یان كوڕ و 1607یان كچ بوون و 204 منداڵیان منداڵی ئاوارەكان بوون، ئەوە لەكاتێكدایە لەمساڵەدا 300 كەس لەنەخۆشخانەكاندا گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی شارەزوور بەوەكالەت لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو دەربارەی هەڵەكانی پزیشكی و ئەو سزایانەی رووبەڕووی پزیشك و كارمەندانی كەمتەرخەم كراوەتەوە رایگەیاند "هەڵەی پزیشكی شتێكە لەهەموو جێگایەك روودەدات، بەڵام ئەوەی كە ئەركی ئێمەیە بەراستی بەدواداچوون و چاودێری كردنی كاری پزیشكانە، لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەت و هەڵەیەكدا ئەركمان لێكۆڵینەوە و ئیجرائات كردنە، لە ساڵی 2015دا چەند حاڵەتێكمان هەبووە، بۆ نموونە لە سەیدسادق حاڵەتێكمان هەبوو كە كەسی كەمتەرخەم تیایدا سزادراوە.
ئەو حاڵەتەی سلێمانیش كە پزیشكەكەی پزیشكی ئێمەیە وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ پێكهێناوە و بەدڵنیاییەوە كەسی كەمتەرخەم سزادەدرێت، حاڵەتێكی دیكەش هەبوو لەهەڵەبجە ئەویش لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و دۆسیەكەی لەبەردەستی داواكاری گشتیدایە، جگە لەوەش زۆر بەجیدی كار لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان دەكەین، بەڵام ناشتوانین لەسەر قسەی هیچ كەسێك كەس سزا بدەین تا لێكۆڵینەوە نەكەین".
گوتیشی: "لای ئێمە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئەیدز تۆمار نەكراوە و لەسنوورەكەشدا هیچ نەخۆشێكی تووش بوو بە ئایدز نیشتەجێ نییە".