Azat Muhemed
16 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2017
دهۆک – AA
لەمیانى بەڕێوەچوونى کەرنەڤاڵى "بەڵێ بۆ ریفراندۆمى سەربەخۆیی" لە یاریگاى دهۆک، سەرۆکى هەرێمى کوردستان مەسعود بارزانى لە وتارێکیدا رایگەیاند: "ئەو بەدیلەی ئێمە دەمانەوێت بۆ ریفراندۆم تا ئێستا نەهاتووە، بۆیە رۆژی ٢٥ ی ئەیلوول بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆتان بدەن".
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانی گوتى: "ئەگەر باوەڕمان هەبووایە بارودۆخی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و تێک ناچێت، رەنگە رۆژی ٧ ی حوزەیران بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان نەدابایە، بەڵام باوەڕتان هەبێت ئەمڕۆ لە بەغدا هەموو بەرنامەی ئەوان ئەوەیە بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێک بدەن و ئەو دەستکەوتانەی هەن جارێکی دیکە لە میللەتی کوردستانیان بسەننەوە، پێش ئەوەی ئەوان ئەو پلانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن، خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە چیتر ژێردەستی و پلانداڕێژەرى دژی ئایندەمان قبوڵ ناکەین".
سەرۆکى هەرێمى کوردستان رووى قسەکانى کردەوە بەغدا و گوتى: "کاتێک ئێمە بێ هیوابین، هیچ ڕێگایەک نەما تاقینەکەینەوە، پار ساڵ شاندێکى گەورە کە لەهەموو لایەنە سیاسییەکان پێکهاتبوون چووینە بەغدا، پێش ئەوەی بچینە بەغدا چەند جارێک لە هاوپەیمانی نیشتیمانی کۆبووینەوە، پێمان گوتن با بە جورئەت بڕیار بدەین، چونکە شەراکەت شکستیهێنا، وەرن ببینە دوو دراوسێى باش و برای یەک بین و هاوکاری یەک بین، بەڵام ئێمە ناتوانین بەیەکەوە بژین و خەتای ئێوەیە، نەک ئێمە. کەسێک لەوان ناڕازیبوونی خۆی دەرنەبرى، جێگای داخە ئەمڕۆ بەزمانێکی هەڕەشە قسە دەکەن و باسی دەستوور دەکەن کە ئەو بڕیارە دەستووری نییە و دەستووریان پێشێلکردووە، ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین و حەزیش ناکەین کەس هەڕەشە لە ئێمە بکات، زمانی هەڕەشە هیچ ئەنجامێکی نابێت".
گوتیشى: "ئێمە گوتمان عەقڵییەتی ئەفالچییەکان نەماوە لە بەغدا، بەڵـام بەشێوەیەکی دیکە دیسان ئەنفالەکی دیکەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێنا، کاتێک نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی پێویست بوو لەوکاتەوە بمانزانیبا هیچ پەیوەندییەکمان بەیەکەوە نەماوە، ئەوان شەراکەتیان قەبوڵ نەکرد نەک ئێمە، مادام ئەوان شەراکەت قبوڵ ناکەن، ئێمەش خزمەتکاری قبوڵ ناکەین".
"دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانماندا هەبێت"
بارزانى لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ گوتى: "دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەبێت و نامانەوێت پەیوەندییەکانمان تێک بچێت، پێشبینیش ناکەین دژی مافەکانی ئێمە ڕابوەستن، ماوەى ٢٥ ساڵە ئێمە سەلماندماندوومانە کە هۆکاری خێر و ئاشتی پێکەوەژیانین بۆ ئەوان و بۆ ئێمەیش".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعشى کرد و گوتى:"سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین بۆ ئەو هاوکاریانەى کە بۆ ئێمەیان کردووە لە شەڕی دژ بە داعش، بە پێوستی دەزانم سوپاسی خۆم بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانەنە بنێرم کە کەرامەت و شەرەفی گەلی کوردستانیان پاراست، ئەو چەکەی پێشمەرگە شەڕی پێ کرد و داعشی پێ شکاند، باوەڕ ناکەم هیچ سووپایەک لە جیهان بەو چەکە دوژمنێکی وەک تیرۆریستانى داعش پێ بشکێنێت".
بارزانى لە وتارەکەیدا ئاماژەى بە کاراکردنەوەى پەرلەمان و بڕیارى پەسەند کردنى ئەنجامدانى ریفراندۆم لە ٢٥ى ئەیلوولدا و گوتی: "بیانووی ئهوه دهگیرا، بەهانە دەگرن بەوەی کە پەرلەمان کارا نییە و پەرلەمان بڕیاری نەداوە، دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە کۆبوونەوە و بڕیارێکی مێژوویان دا، دەستخۆشیان لێدەکەم و پێروزبایی لە گەلی کوردستان و لەوانیش دەکەم، ئەوە پەرلەمانیش بڕیاریدا و ئێستا هیچ بەهانەیەکی دیکەی ماوە".
بارزانى ئەوەیشى گوت: "دوو رێگهمان لە پێشە، یان سهربهخۆیی یان ژێردهستهیی، ئێمهش خیانهت له خوێنی شههیدان ناكهین و ژێردهستی قبووڵ ناكهین، ئەمڕۆ شهڕ شهڕی ئیرادهیه و پێمان وایه ئیرادهی ئهم گهله، له ههموو چهكێك به هێزتره و ناشکێندرێت".
بارزانى دووپاتیشی كردهوه، ههندێك باس لهوه دهكهن، كه پێویسته هەرێمى کوردستان بگهڕێتهوه هێلی سهوز، ئهویش ئهو هێڵهیه كه پێشتر له نێوان پێشمهرگه و سوپای عێراقدا هەبوو، ئهمەیش واتای ئهوهیه ههر كاتێك بیانهوێ بتوانن ببنهههڕهشه لهسهر دهۆك و ههولێر و بۆردومانی بكهن، بۆیە ئاماده نیین یهك خوولهكیش باس لهو مهسهلهیه بكهین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی جەختى کردەوە کە ئیرادەى گەلى کوردستان شەرعییەت بە ریفراندۆم دەدات نەک کەسانێک لە دەرەوە.