Rewan Niheli
30 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2016
دهۆك
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای دهۆك رایگەیاند کە چارەسەری پزیشكیان بۆ یەك ملیۆن و 893 هەزار و 232 پەنابەر و ئاوارە كردووە".
بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای دهۆك بە وەكالەت، دكتۆر هشیار مووسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە لە سەرەتای مانگی هەشتی 2014 كە ژمارەیەكی زۆر پەنابەر و ئاوارە روویان لە پارێزگای دهۆك كرد و تاوەكو 27/7/2016 خزمەتێكی زۆریان پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران لە بواری تەندروستی كردووە و گوتی: "لە ماوەی دوو سالی رابردوودا، 51 هەزار و 425 ئاوارە و پەناربەر لە نەخوشخانەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نووستوون بۆ وەرگرتنی چارەسەری، 18 هەزار و 995 منداڵ لە ناو ئاوارە و پەنابەراندا لە دایك بوون، 10 هەزار و 881 نشەرگەری بۆ ئاوارە و پەنابەران ئەنجام دراوە، 512 هەزار و 413 پشكنینی تاقیگەیی بۆ ئاوارە و پەنابەران ئەنجام دراوە".
بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای دهۆك بە وەكالەت ئاماژە بەوەیش كرد، خزمەتێكی باشیان پێشكەش بەو ژن و كچانە كردووە لە كەوتبوونە دەست داعش و رزگاربوون و گوتی: "خزمەتی جەستەیی و دەروونیمان پێشكەش بە 790 كچ و ژنی رزگاربوو كردووە".
دكتۆر هشیار مووسا باسی قەیرانی دارایی كرد كە هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كاریگەریەكی زۆر كردووتە سەر كەرتی تەندروستی پارێزگی دهۆك و زیانەكانی بەر کەرتی تەندروستی پارێزگای دهۆك كەوتوون کە بە 163 ملیار دینار دەخەملێندرێت و گوتی: "تاوەكو ئێستا 88 ملیار دینار قەرزاین کە 15 ملیار دیناری قەرزی دەرمانە".
دكتۆر هشیار مووسا باسی لەوەیش كرد كە هەرچەندە ئەوان لە 19/8/2014 واتە لە دەستپێكی هاتنی ئاوارەكان، بانگەوازێكی نێودەوڵەتیان ئاراستەی ئاژانس و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومیمان كردووە، بۆ ئەوەی بە هانای ئاوارە و پەنابەرانەوە بێن، كە لە ئەنجامدا 33 ئاژانسی نێودەولەتی و رێخكراوی حكوومی و ناحكوومی هاتنە دهۆك و خزمەتی تەندروستی پێشكەش بە ئاوارەكان دەكەن و زیاتر لە 75 ملیون دۆلار لە دابینكردنی دەرمان و خزمەتی تری تەندروستی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەر ان كردووە".
دكتۆر هشیار مووسا ئاماژە بەوەیش كرد كە وەكو ئەركی نەتەوایەتی ئەوەی لەتوانایاندا بێت خزمەتیان بە پێشمەرگەی سەنگەرەكانی شەڕی داعش كردووە و گوتی: "50 ئەمبولانسمان بۆ سەنگەرەكانی شەڕ دابینكردووە و تەنها لە ساڵی 2015 نزیكەی 77 هەزار پێشمەرگە چارەسەر كراون".