Sarmand Hameed
10 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بڵاوکردەوەتەوە کە بەبۆنەی ٥٦هەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بڵاوی کردووەتەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە "گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە ٢٥ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانیدا دروست کرد. ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنها دوو هەفتەمان ماوە تا گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت و موژدە بداتە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەکەمان و بەرهەمی ئەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بچنێتەوە. گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە ٢٥ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.
شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەلەکەمان تەنها بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بوونە، نابێ خوێنی بەناهەقڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت. دەبێ جیهان گوێی لە دەنگی ئازادیخوازانەی کوردستان بێت، دەبێ هاواری 182 هەزار ئەنفالکراوی کوردستان لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهاندا ببیسترێت، دەبێ گوێ لە ناڵەی 5 هەزار شەهید و دەیانهەزار برینداری هەڵەبجە بگرن، دەبێ جیهان گوێی لە هاواری 8 هەزار بارزانیی ئەنفالکراو و 12 هەزار گەنجی بێسەروشوێنی کوردی فەیلی بێت، دەنگی شەهیدان و کەسوکاریان، دەبێتە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" و لە ٢٥ـی ئەیلوولدا لە دەرگای ویژدانی هەموو جیهان دەدات.
لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان
مەسعود بارزانی
10ـی 9ـی 2017