Rewa Mahmut Hasan
12 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نومان کورتوڵموش لە ئۆتێل کۆنراد لە ئیستانبوڵ لەگەڵ نوێنەری میدیاکاندا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و باسی چەندین رۆژەڤی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیای کرد.
کورتوڵموش لەسەر پرسی گفتوگۆی بەغداد لەئەگەری روودانی شەپۆلێکی کۆچبەران لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ گوتی: "کەسانێک باس لەوە دەکەن دەڵێن بۆچی خۆتان بە مووسڵەوە سەرقاڵ دەکەن.ببورن، ئێمە هەموو کۆڵانێکی مووسڵ شارەزاین،هەموو پێکهاتەکانی موسڵ، کوردەکان، عەرەبەکان، شیعی، سوونیەکان خزممانن. هەربۆیە هەموو پێشهاتێکی مووسڵ کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت بەتایبەت مۆڵدانی گروپە تیرۆریستیەکان و بەهێزبوونیان لەوێ راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تورکیا دەکات. خاڵی دووهەمیش ئەگەر پاکتاوێکی نەژادی لەوێ رووبدات،راستەوخۆ ئەو لایەنە بەرەو تورکیا هەڵدێن. بەهەمان شێوە پاکتاوی نەژادی سوونیەکان بەدەستی حەشدی شەعبی، وا دەکات کە راستەوخۆ ئەوانە بەرەو تورکیا هەڵبێن.هەروەک چۆن داعش لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆسەر ئێزدیەکان، یان بۆسەر کوردەکان، دەهاتن پەنایان بۆ ئێمە دەهێنا. هەر بۆیە مەرجە کە نابێت پێکهاتەی مەزهەبی و نەژادی ئەم ناوچەیە بگۆردرێت. لەکاتێکدا ئێمە دەڵێین ببورن ئەو سەدان هەزار پەنابەرەی هەڵدێن ناچنە نیویۆرک و لەندەن و میلانۆ و بەرلین.هەموو ئەمانە جێگەیان تورکیایە.
کورتوڵموش جەختی کردەوە لە تێروانینێکی هاوبەش بۆپرسی مووسڵ و ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر ئەو پرسانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغداد و پێشمەرگە و ئێران و رووسیەکان قسە دەکەن و گوتی: "هیوادارین بە هەڵە بیر نەکەنەوە، چونکە هەر هەڵەیەک لەوێ تەنیا لە پرسی پەنابەراندا کۆتایی نایەت، ئەگەر پاکتاوێکی نەژادی لەبەرامبەر بەشێک لە گروپی دیاریکراو ئەنجام بدرێت، ئەوا تەواوی شارەکانی عێراق و سووریا دەکەونە ژێر کاریگەریەوە.