Sangar Hamad Azeez
20 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2016
پەرلەمانتاری هەدەپە، ئاڵتان تان لەبارەی ئەو کودەتا سەربازییەی کە لەلایەن رێکخراوی فەتحوڵڵاچی-یەوە ئەنجامدرا دەلێت : "ئەوانەی کە لەو کودەتایە تێوەگلاون و بەڵگەیان لەسەر هەیە جا تاکەکەس بێت، دەزگا بێت، پێکهاتە بێت، رێکخراو بێت یاخود جەماعەت بن دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموویان بکرێت".
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانتاری هەدەپە ئاڵتان تان باسی لە کودەتا سەربازییەکەی ١٥ی تەمووزی تورکیا کرد.
تان ئاماژەی بەوە کرد کە پاش کودەتاکەوە تاوەکو دوێنێ شەو نزیکەی ٥٠ هەزار کارمەند بەشێوەیەکی کاتی لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە و گوتی: "ئەوانەی کە لەو کودەتایە تێوەگلاون و بەڵگەیان لەسەر هەیە جا تاکەکەس بێت، دەزگا بێت، پێکهاتە بێت، رێکخراو بێت یاخود جەماعەت بن دەبێت لێکۆلینەوە لەگەڵ هەموویان بکرێت. ئەو کەس و لایەنانە دەبێت بە پێی یاسا قورسترین سزا بدرێن. ئەو جۆرە کەسانە نابێت گفتوگۆشیان لەگەڵ بکرێت، کەسانێک کە لە نێو شەقامەکان هاووڵاتی بکوژن و پەرلەمان بۆردومان بکەن لەوە خراپتر چیتر هەیە بیکەن؟".
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسایی لەسێدارەدانیش، ئاڵتان تان گوتی: "هەمووکات گەل سەربەستە لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوە یا ئەو داواکارییانەی کە دەیکەن، سیاسەتمەدارانیش دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکانی سەرشەقام بکەن بەڵام تەنانەت باسکردنی ئەو بابەتەش لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە هەڵەیە".