Hatice Şenses Kurukız,Elif Küçük,Zeynep Rakipoğlu,Kaan Bozdoğan
10 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ناتوانین رێگە بدەین ٣٥ ملیۆن خوشک و برای مسوڵمان کە لە ئەورووپا دەژین لەوێ وەک بڵێی لە کەمپێکدا کۆ بکرێنەوە. وەک رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی دەبێت بە ھەنگاوی رژدتر بەرەنگاری دژایەتیکردنی ئیسلام و بڵاوکردنەوە رق و کینە بوەستینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی ١٦ەمین کۆنفرانسی یەکێتی پەرلەمانی رێکخراوی ھەماھەنگی ئیسلامی کە لە کۆشکی دۆڵمەباھچە لە ئیستانبوڵ ئەنجام درا گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ئەو موسڵمانانەی لە ئەورووپا دەژین گوتی: "ناتوانین رێگە بدەین ٣٥ ملیۆن خوشک و برای موسڵمان کە لە ئەورووپا دەژین لەوێ وەک بڵێی لە کەمپێکدا کۆ بکرێنەوە. وەک رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی دەبێت بە ھەنگاوی رژدتر بەرەنگاری دژایەتیکردنی ئیسلام و بڵاوکردنەوە رق و کینە بوەستینەوە. بە ھیچ کلۆجەک و ھەرگیز قبوڵ ناکەین ھیچ کەسێک و گەلێک بەھۆی جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینەوە جیاکاری بەرامبەر بکرێت و وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پێویستییەکی باوەڕداری ئێمە ئەوەیە کە ھەر کەسێک ستەم بکات دژی بوەستینەوە و پشتیوانی ستەملێکراوان بین. وەک نەوەی ئەوەی کە بە درێژایی ٤٠٠ ساڵ قودسی بە دادپەروەری بەڕێوە برد، نامانەوێت خوێن، فرمێسک و ستەمکاری لە فەڵەستین ببیندرێت".
ئەردۆغان لە بارەی پرسی فەڵەستین و قودسیشەوە گوتی: "وەک گەلێک کە پێنج سەدە لەمەوبەر دەرگاکانمان بەرامبەر ئەو جولەکانە کردەوە کە لە ئیسپانیاوە ھەڵھاتبوون، مەزنترین ئامانجمان ھێنانەدی سەقامگیری و ئاشتییەکی یەکجارەکییە لە فەڵەستین. وەک ئەوەی بەردەوامیش ئاماژەمان پێ داوە ئەمەیش بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و یەکپارچە وەدی دێت کە وەک ئەوەی لە ١٩٦٧ سنوورەکانی بۆ کێشراوە، پایتەختەکەی قودسی رۆژھەڵات بێت. لەو دیدگایەوە پێداگیرانە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ستاتۆی قودسی رۆژھەڵات و پیرۆزیی مزگەوتی ئەقسا. نارەوا و بێویژدانییە ئێستا فەڵەستینییەکان باجی ئەو کۆمەڵکوژییە بدەن کە لە جەنگی جیھانیی دووەم لە ئەورووپا لە دژی جولەکەکان ئەنجام دراوە. دۆزی قودس تەنھا دۆزی دەستەبژێرێک موسڵمانی بوێر نییە، بەڵکو دۆزی ھاوبەشی تەواوی جیھانی ئیسلامییە.