Eşber Ayaydın
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2021
ئورفا - AA
جگەری برژاو یەکێکە لە خواردنە بەناوبانگەکانی شاری ئوروفا و بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆری لەسەرە.
لە ئێستاشدا کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا هاتوچۆ سنووردار کراوە و چێشتخانەکان تەنها دەتوانن بەشێوەی دێلیڤەری کار بکەن. جگەری ئورفا یەکێکە لەو خواردنانەی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە بەربانگ و پارشێودا لەلایەن هاووڵاتییانەوە داوا دەکرێت.
بەکر یوکسەکیایلا، یەکێکە لە وەستاکانی جگەر و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە جگەر یەکێکە لەو خواردنانەی لە رۆژانی ئاساییدا لە هەموو کاتێکدا دەخورێت، لە مانگی رەمەزانیشدا لە بەربانگەوە تا پارشێو کەسانێکی زۆر داوای جگەر دەکەن.
یوکسەکیایلا، گوتی: "بەهۆی پەتای کۆرۆنا کڕیارەکانمان ناتوانن بێنە چێشتخانەکەمان، ئێمەش لێرە جگەر دەبرژێنین و بەگەرمی دەیگەیەنینە دەست کڕیارەکانمان. بەم شێوەیە کڕیارەکانمان دەتوانن هاوشێوەی ئەوەی بێنە چێشتخانەکەمان لە ماڵەوەش هەمان تام و چێژی جگەر بکەن".
ناوبراو، باسی لەوەش کرد کە لە مانگی رەمەزاندا خواست لەسەر جگەر کەمی نەکردوە و لە ئورفا رۆژانە نزیکەی سێ تۆن جگەر دەفرۆشرێت.
بولەنت کاهکەجی، وەستایەکی دیکەی جگەرە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە تەمەنێکی کەمەوە فێری جگەر برژاندن بووە و هەموو مانگی رەمەزانێک لە شاری ئورفا جگەر دەبێتە یەکێک لە خواردنە دڵخوازەکان.
کاهکەجی، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە ئێستادا بەهۆی پەتای کۆرۆنا، هاووڵاتییان ناچارن لە ماڵەوە بمێننەوە و لەڕێی دێلیڤەرییەوە داوای جگەر دەکەن.