Mehmet Fatih Aslan
02 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
ئورفا- AA
لە پارێزگای ئورفا کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی دانەوێڵە لە تورکیا، لەگەڵ بارانی مانگی ئاداردا چاوەرێ دەکرێت بەرهەمی نیسک، گەنم و جۆ، زیاد بکات.
لە رووی پانتایی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، ئورفا لە دوای قۆنیا و ئەنقەرە لە پلەی سیەمدا دێت، ئەمساڵیش لە ٤،٥ ملیۆن دۆنم زەویدا نیسک، گەنم و جۆ چێندراوە.
بەهۆی کەمبارانی مانگی تشرینی یەکەم دانەوێڵەکان چرۆیان نەکرد بەڵام دواتر لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا بەهۆی باران بارینەوە گەشەیان دەستپێکرد.
بەتایبەتیش بارانەکانی مانگی ئادار وای کرد دانەوێڵەکان زۆر زیاتر گەشە بکەن.
سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی ئورفا، ئەحمەد ئەیوبئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە چاوەڕێدەکەن لەمساڵدا رێژەی بەرهەم و جۆرەکەی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاد بکات.
ئەیوبئۆغڵو، ئەوەشی خستەڕوو کە ئورفا لەڕووی بەرهەمهێنانی نیسکی پرتەقاڵی یەکەم و لە بەرهەمهێنانی گەنمدا دووەمی سەر ئاستی تورکیایە، گوتیشی: "لە مانگی ئاداردا باران و بەفرێکی باش باری. ئەمەش هەموومانی دڵخۆش کرد. بەمهۆیەشەوە زۆر ئومێدمان بە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە هەیە. لەمساڵدا لە ٢،٥ ملیۆن دۆنم زەویدا گەنم چێندراوە، چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە یەک تۆن گەنمی لێبەرهەمبهێندرێت. بەهەمان شێوە لە ١،٢ ملیۆن دۆنم زەویدا نیسک چێندراوە و چاوەڕێ دەکرێت ١٥٠ هەزار تۆن نیسکی لێبەرهەمبهێندرێت".
لای خۆشیەوە مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی هەڕان لە پارێزگای ئورفا، پ. د. مەهمەت عەلی چوڵو، باسی لەوە کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمدا بەهۆی کەمی بارانەوە، دەغڵودانی دەشتی هەڕان بە ئاوی ناو بەنداوی ئاتاتورک، ئاو دراوە.
چوڵو، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەی ئەم قۆناغەدا دانەوێڵەکان چەکەرەیان نەکردوە و رایگەیاند "بەشێوەیەکی ئاسایی پێویستە گەنم و جۆ و نیسک لە مانگی کانوونی دووەمدا چەکەرە بکەن. بەڵام تا ٢٥ی کانوونی دووەم بەفرێکی زۆر باری و ئەمەش وای کرد چەکەرە کردنی دانەوێڵەکان دوا بکەوێت".