Mücahit Türetken,Güç Gönel
09 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2021
ئیستانبوڵ - AA
پارێزگاری ئیستانبوڵ، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پلانی ئیستانبوڵ سەبارەت بە چارەسەرکردنی شیلە (لیکی دەریا) ئاشکرادەکەن.
یەرلیکایا لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی ھەڵمەتی پاککردنەوەی دەریا، کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی دەرکەوتنی لیکی دەریا لە دەریای مەرمەرە، کە لە کەناراوی جاددەبۆستان لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ماوەیەکی درێژە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەن.
پارێزگاری ئیستانبوڵ جەختی لەوە کردەوە کە لەسەر رێنمایی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستیان بەم ھەڵمەتە کردووە.
عەلی یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە پارێزگا ناوەندێکی ھەماھەنگییان پێکھێناوە و گوتی، "رۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر ١٤:٠٠ پارێزگا، سەرۆکایەتی گەورەشارەوەانی، بەڕێوەبەڕایەتی ئاوی ئیستانبوڵ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی پارێزگاکە و زانکۆکان، کۆدەبینەوە. پلانی کاری تایبەت بە چارەسەرکردنی لیکی دەریا لە ئیستانبوڵ کە لە ٢٢ ماددە پێکدێت، بڕگە بڕگە تاوتوێی دەکەین و رۆژژمێری کارەکانمان دیاریدەکەین".
پارێزگاری ئیستانبوڵ راشیگەیاند کە سەرجەم ئیدارە خۆجێیەکان لە پارێزگاکانی سەر دەریای مەرمەرە نەخشەرێگای خۆیان پێشکەشدەکەن و گوتی: "بەڵێن دەدەین بە ھاوشارییەکانمان. بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەو بەڵێنەی کە بە حەوت پارێزگاکەمان دراوە و بەشێوەیەکی شەفاف و لەرێگەی مێدیاوە نیشانی سەرجەم ھاوشارییەکانمانی دەدەین".
لەلای خۆیەوە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، رایگەیاند ھەوڵێکی زۆر جوان بۆ لەناوبردنی ھەرەشەی ئەو لیکی دەریایەی کە دەریای مەرمەرە دووچاری بووەتەوە، دەستپێکراوە و گوتی: "ئەو پرۆسەیەی کە وەزیری ژینگە و شارسازیی، موراد کوروم سەرپەرشتیاری دەکات بەشێوەیەکی راست ئاراستەکراوە".