Ali Ballı
25 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2022
موغڵا - AA
لە قەزای بۆدروم لە ئەنجامی پێکدادانی مینی پاسێک و بارهەڵگرێک، پێنج کەس برینداربوون کە یەکێک لە بریندارەکان هونەرمەند ئیبراهیم تاتلیسەس بوو.
مینی پاسەکە کە ژمارەی تابلۆکەی "35 GH 063" بوو و لە سەنتەری قەزای بۆدروم-ەوە بەرەو ناوچەی یالیکاڤاک دەڕۆیشت، بەهۆی خلیسکی رێگاکەوە خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشا کە ژمارەی تابلۆکەی "48 BZ 087" بوو.
بەهۆی کاریگەری پێکدادانەکەوە، مینی پاسەکە لە رێگاکە لایدا و دوای وەرگەڕانی لەنێوان چەند گاشەبەردێکدا گیری خوارد، بارهەڵگرەکەش بەرەو کەندەڵانی تەنیشت رێگاکە خلیسکا.
دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمەکانی تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
تیمەکان مینی پاسەکەیان لەڕێگەی کرێنەوە لەنێو گاشەبەردەکان دەرهێنا و بریندارەکانیان رزگار کرد، دواتر تاتڵیسەس و بریندارەکانی دیکە بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
رێگری لە رۆژنامەنووسان کرا وێنەی تاتڵیسەس بگرن کاتێک ناوبراو لە شوێنی رووداوەکە گواستراوە ناو ئەمبوڵانس و لە کاتی گەیاندنی بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.
چاوەڕوان دەکرێت لە نەخۆشخانەکە راگەیەندراوێک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی تاتڵیسەس بڵاوبکرێتەوە.
هاوکات ئەحمەد تاتڵیسەس و دیلان چیتەک کە هاتبوونە شوێنی رووداوەکە، بە نیگەرانییەوە بەدواداچوونیان بۆ هەوڵەکانی رزگارکردنی باوکیان دەکرد.
