Zehra Melek Çat,Berk Özkan
26 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "تورکیا بە یەکگرتوویی و هاودڵی برینەکانی ئەم کارەساتە سارێژ دەکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو جەزائر لە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە ئیستانبوڵ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سەرکۆماری تورکیا بۆ میدیاکان باسی لە کارەساتی بوومەلەرزەکەی ئەلعەزیز کرد و گوتی: "تورکیا بە یەکگرتوویی و هاودڵی برینەکانی ئەم کارەساتە سارێژ دەکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "هەموو هەڵەکانمان لەپێناو یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتییانەیە کە زیانیان بەرکەوتووە و حکوومەتەکەمان هەر لە سەرەتای بوومەلەرزەکەوە لە پاڵ هاووڵاتییانیدا بووە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکە رایگەیاند "لە بوومەلەرزەکەی ئەلعەزیزدا، 31 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 607ی دیکەش برینداربوون و تا ئێستا 45 کەس بەزیندوویی لەژێر داروپەردووی بینا داڕووخاوەکانی ئەلعەزیز دەرهێنراون".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها فەرمانیدا کە بەزووترین کات رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکانی بوومەلەرزەکە و دواتر دەست بکرێت بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بیناکان و لەم بارەیەوە گوتی: "لەئێستادا سێ وەزیر و پەرلەمانتار لەوێ (ئەلعەزیز) ئامادەن و دەستیانکردووە بە کارەکانی دەستنیشانکردنی زیانەکانی بوومەلەرزەکە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند کە هەزار و 503 کەس لە بریندارانی بوومەلەرزەکە چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانەکان وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.