Abdullah Shukur
14 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی رایگەیاند: "بەداخەوە جەمال خاشقچی لە کۆنسولخانەی ( سعوودیە)، بە ئۆپەراسیۆنێکی ناپاکانە شەھید کرا".
ئەردۆغان لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دووەمی سەکۆی قودس-ی نێوان پەرلەمانتاران لە شاری ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بەناوی گەل و وڵاتەکەمەوە سوپاسی خۆمان ئاراستەی ئەو قارەمانانە دەکەین کە بە تێکۆشانیان لەگەڵ قودس داکۆکیکان لە شکۆی مرۆڤایەتی کرد و بەرامبەر داگیرکەران وەستانەوە و نەیانھێشت شکۆی ئوممەتی محەمەد بشکێندرێت".
ئەردۆغان لەبارەی دۆزی قودس گوتی: "دۆزی قودس، تەنھا دۆزی موسوڵمانی فەڵەستین نییە. ئەم دۆزە دۆزی ھاوبەشی ھەموومانە، کێشەی ھاوبەشی ھەموومانە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "کوڵی دڵمان مەککەیە و ئەوەی دەمێنێتەوە مەدینەیە. لەسەرووی ئەوانیشەوە قودس ھەیە".
ئەردۆغان رایگەیاند کە قودس ھێڵی سووری ئەوانە و گوتیشی: "ئەم شارە پیرۆزە کە تیایدا نێردراوی خوا بەرزکراوەتەوە بۆ میعراج، بێ ئەوەی لە شارەکانی ئیستانبوڵ، قاھیرە، بەغدا، مەککە و مەدینە جیا بکەینەوە خۆشمان دەوێت. ھەر بۆیەش ئێمە دەڵێین 'قودس ھێڵی سووری ئێمەیە'.
ئەردۆغان گوتیشی: "ئیسرائیل لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا و بەشێوەیەکی مەبەستدار، ھەوڵی سڕینەوە ئاسەواری شوێنەوارە مێژووییەکان دەدات. ناتوانن بیانسڕنەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی گواستنەوەی ژمارەیەک باڵیۆزخانە لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس رایگەیاند: "ئەگەر پێتان وابێت بە گواستنەوەی ژمارەیەک باڵیۆزخانە بۆ ئەوێ و گواستنەوەی کۆنسوڵخانە (لەوێ)، کەسایەتی مەعنەوی (رەسەنایەتی) قودس لە ناو دەبەن، خۆتان ھەڵدەخەڵەتێنن".
ئەردۆغان باسی لە کردەوەکانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ھۆکاری سەرەکی چالاکییەکانی داگیرکاری ئیسرائیل بەم شێوەیە دەگەڕێتەوە، بۆ وەرگرتنی پشتیوانی لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان".
ئەردۆغان گوتیشی: "چۆن ھۆڵۆکۆست تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە، بۆردومانکردنی ئەو منداڵانەی لە کەناراوەکانی غەززە تۆپ تۆپێن دەکەن، بەھەمان شێوە تاوانێکی قورسی دژی مرۆڤایەتییە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی رایگەیاند: "بەداخەوە جەمال خاشقچی لە کۆنسولخانەی( سعوودیە)، بە ئۆپەراسیۆنێکی ناپاکانە شەھید کرا".
ئەردۆغان گوتیشی: "(کوشتنی خاشقچی) ئەوان وادەزانن جیھان و مرۆڤایەتی دەبەنگن. ئەم گەلە دەبەنگ نییە دەزانێت لێپرسینەوە ئەنجام بدات".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی تاوانی کوشتنی جەمال خاشقچی گوتی: "(تاوانی خاشقجی) ئەگەر ناتوانن دادگاییان بکەن، لەبەر ئەوەی تاوانەکە لە ئیستانبوڵ ئەنجامدراوە، پێویستە دادگاییکردنەکە لە لایەن دادگاکانی ئیستانبوڵ و بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی ئەنجامبدرێت. بیاننێرن با ئێمە دادگاییان بکەین".
ئەردۆغان گوتیشی: "سعوودیە داوای کرد کە گوێبیستی بەڵگەنامەکان بێت ھاوکات داوای ئەو بەڵگەنامەیەشی کرد. دەتوانن گوێبیستی بن، نیشانیان دەدەین بەڵام بەڵگەنامەکانیان پێ نادەین. پێیان بدەین بۆ ئەوەی ئەمانە لەناوی ببەن؟".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان لەبارەی بەرپرسانی کوشتنی خاشقچی گوتی: "(کوژرانی خاشقچی) ئێستا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا چی دەڵێت؟ ئێستا حکوومەتی سعوودیە تاوانباردەکات. دوایین جار، نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بیکی ھاڵی، چی گوت، -بە ھێنانی ناوەوە دەیڵێت- 'ئەنجامدەری ئەم کارە ئەوە'. فەرموو. کارەکە گەیشتووەتە شوێنێکی دیار. ھێشتا شتی زۆرتر ئاشکرا دەبن، لێرەوە شتی زۆرتر دێتە دەرەوە. چیتر مرۆڤایەتیی ناتوانێت بەرگەی ئەمانە بگرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "تا پێکدادانەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن چەکی وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر دەفرۆشرێن. تا موسڵمانان ئاوا دەست بخەنە گیانی یەکتر داگیرکاری لە فەڵەستین، ستەمکاری لە ئاراکان، برسێتی لە سۆماڵ زیاتر تەشەنە دەستێنن و بەردەوام دەبن".
ئەردۆغان گوتیشی: "سەرھەڵدانی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا بەھۆی جوداخوازی نێوان شیعە و سوننە، بە قازانجی موسڵمانەکان نابێت. لەم دۆخەدا ئەوەی گیرفانەکانی خۆیان پڕ دەکات، دووبارە کۆمپانیاکانی چەک و نەوتی رۆژئاوان".
ئەردۆغان داوای لە فەڵەستینییەکان کرد کە کۆتایی بە ناکۆکی نێوانیان بھێنن و گوتیشی: "بەتایبەت رووی قسەکانم دەکەمە خوشک و برا فەڵەستینییەکانم (و پێیان دەڵێم) پێویستە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانتان بھێنن".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەو ھەوڵەی دۆستەکان گرتوویانەتە بەر ئەنجامی ھەبێت، پێویستە فەڵەستینییەکان کۆتایی بە دووبەرەکیی نێوانیان بھێنن. ھیچ ستەم و گوشارێک، رێگری لە رزگاربوونی قودس ناکات".