ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و براوەی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری وڵاتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە ئێوارە خوانی ماڵئاوایی سەرکۆماری تورکیا، عەبدوڵا گول، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە کۆنگرەی ئاکەپە، گوتی: گوتەبێژی ئاکپارتی لەسەر ناوی ئێمە قسەی کردووە، پشت بەخوا رۆژی ٢٧ی مانگ کۆنگرە کۆ دەبێتەوە و دوای کۆنگرە تا کۆنگرەی گەورە ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە نێو پارتەکەماندا ناکرێ بەڵکوو تەنیا سەرۆکێکی نوێ بۆ پارتی ھەڵدەبژێردرێ و کۆنگرە تەنیا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی گشتی کۆ دەبێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆباما لە داوای ماوەیەکی درێژدا، ئەردۆغان گوتی: گفتوگۆیەکی بەرفراوانمان کرد و ئۆباما پیرۆزبایی لێکردم و لە بارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیشەوە لە ئێستادا ھەردوولا سەرقاڵی دارشتنەوەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکەن و رەنگە کەناڵەکانی راگەیاندنیش بڵاویان کردبێتەوە.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی گەڕانەوە عەبدوڵا گول بۆ نێو ئاکپارتی گوتی: دوای رادەست کردنی پۆستەکان و ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان ھیچ بەربەستێک بۆ گەڕانەوەی عەبدوڵا گول بۆ نێو ئاکپارتی نامێنێ و گەڕانەوەشی شتێکی زۆر ئاساییە. لە بارەی ئەوەی کە ئایا دەبێتەوە سەرۆکی گشتی ئاکپارتی؟ ئەردۆغان گوتی: لە ئێستادا کەس شتێکی وای باس نەکردووە، سیاسەت بۆشایی قەبووڵ ناکا، یەکەم کار پڕِکردنەوەی بۆشاییەکانە و ئەو ھەنگاوانەش کە جێبەجێ دەکرێن ھەر بۆ ئەو مەبەستەن، بێگۆمان ناکرێ کەسێک سەرۆکی پارتی بێ و کەسێکی دیکەیش سەرۆکوەزیران بێ، بۆیە پێم وایە کە لە داھاتوودا لە نێو پارتی بەردەکان زۆر بە باشی لە شوێنی خۆیان دادەنیشن و لەمەو بەدواوە گەڕانەوە گول بۆ نێو پارتەکەی و پارتەکەمان زۆر ئاساییە و ھیچ جۆرە گرفتێکی نییە.
ئەردۆغان گوتی: بەڵام چەند کەس و لایەنێک دەیانەوێ بە جۆرێکی دیکە باس لەو پرسە بکەن و ئەمەش بۆ ئەوان شتێکی ئاساییە بەڵام من رێنماییەکی ئەو جۆرە کەسانە دەکەم با ئەوانە بڕۆن خۆیان بە جەھەپە و مەھەپەوە سەرقاڵ بکەن، لە ئێستادا رۆژی ئەوان روون و ئاشکرایە و با تۆزێک ھاوکاری ئەوان بکەن چونکە بەراستی کێشەی زۆر گەورەیان ھەیە، سەیربکەن ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکانیان دەستیان پێکرد، پێویستە تۆزێک بە خۆیاندا بچنەوە. پێویستە لە خۆیان پرسیار بکەن کە ئەوە ١٥ تا ١٦ ساڵە سەرۆکی گشتیم بۆ چی سەرکەوتوو نابم؟ با ئەوی دیکەیش لە خۆی بپرسێ کە شەش حەفت ساڵە سەرۆکم بۆ لە یەک ھەڵبژاردندا سەرکەوتوو نەبوومە؟ پێویستە لەو بارەوە بە جددی بە خۆیاندا بچنەوە.
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاکەپە سەرەڕای ھەواڵدانەکانی ئەو جۆرە کەسانە لە ٩ ھەڵبژاردنی جیاجیادا بە یەکێتی و یەکڕیزی و سەرکەوتوویی تێپەڕیوە و گەیشتۆتە ئەمڕۆ و پشت بەخوا لەمەو بەدواوەش ھەر بەو جۆرە بەردەوام دەبێ.