ئیزمیر
محەمەد خەلەف و دایکی رۆژێک لەوەپێش کاتێک ویستیان بۆ وڵاتی یۆنان تێپەر بن بەلەمەکیان نوقم بوو و بە ھاوکاریی سەرەتایی ماسیگرێک دووبارە بۆ ژیان گەڕایەوە و دوایی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لە نەخۆشخانەی تەپەجیک چارەسەر کرا.
دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانەکە پەنایان بۆ نێو خانەوادەکەیان لە گەرەکی ئەشرەف پاشا برد و دایکی ئەو منداڵە، لۆرین خەلەف بەسەرھاتەکەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باس کرد.
خەلەف ئاماژەی بەوە دا کە بەھۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەگەڵ کوڕەکەی و خانەوادەکەی کۆبانێیان جێھێشتووە و رایگەیاند داعش بە دوای ھاوسەرەکەی دەگەڕێت و بۆ رزگارکردنی ژیانی کوڕەکەی ھەوڵیان داوە بۆ وڵاتی سویسرا بۆ لای دایکی لەگەڵ کوڕەکەیدا بچێت.
روونیشی کردەوە بۆ تێپەربوونیان لە دەریای ئیجە بڕی دوو ھەزار یۆرۆیان بە قاچاغچییەک داوە کە ٣٠ کەس بە ناچاریی سوار بەلەمێک بوونە و گوتیشی: "سێ جار ماتۆری بەلەمەکە لەکارکەوت و دواتر ئاوی ھاتە نێو بەلەمەکەوە. ئێمەش یەلەگی رزگاردنمان لەبەرکرد و لەسەر ئاو ماینەوە. دوای ئەوەی ئاو کەوتە بەلەمەکەوە باوەشم بە کوڕەکەم دا، بەڵام ئاوێکی زۆرما خوارد و محەمەدم ون کرد. زۆر ترسام بەوەی کوڕەکەم مردووە".
دایکی ئەو منداڵە رزگارکراوە گوتیشی: "نازانم چۆن محەمەد رزگار کراوە. گوتم 'منداڵێکی قژ سوور ھەبوو لە کوێیە'. کوڕەکەمیان نیشان دا، بەڵام نەمزانی لە ژیان ماوە یاخود مردووە. لە ھۆشی خۆم چووم و باوەڕم نەبوو کە لە ژیان ماوەتەوە. بەھۆی ئەوە کێشی سووک لەسەر ئاو مایەوە و بەو شێوەیە رزگاری بووە".
خەلەف راشیگەیاند دوای پشکنینی پزیشکی بۆ کوڕەکەی لە نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی قوش ئاداسی لە شاری ئیزمیر ئەمڕۆ بەیانی لە نەخۆشخانە دەرچوون.
خەلەف ئاماژەی بەوەش دا وێنەکانی ئایلان-ی بینیووە و لەوبارەیەوە خۆشبەختی خۆی دەبڕی کە کوڕەکەی ھەمان چارەنووسی ئەوی نەبووە و گوتی: "تەنانەت ئەگەر شەڕیش ھەبێت بۆ وڵاتەکەم دەگەڕێمەوە. جارێکی دیکە سەردانی ئەم رێگەیە ناکەم".