Mazın Asad
07 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
پەرلەمانی تورکیا - AA
دەستبەسەرکردنی ھاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لەگەڵ پەرلەمانتاران ئیدریس باڵوکەن، نورسەڵ ئایدۆغان، فەرھاد ئەنجو، لەیلا بیرلیک، عەبدوڵڵا زەیدان، سەلما ئرماک و گولسەر یڵدرم و روونکردنەوەی گوتەبێژی ھەدەپە، ئایھان بیلگەن کە گوتبووی بەشداری لە کارەکانی یاسادانان ناکەین" بووە ھۆی دروستبوونی پرسیاری "ئایا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت؟"
حوکمی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە مادەی ٧٨ی دەستووری تورکیا لە ژێرناونیشانی "پاشخستنی ھەڵبژاردنەکان و ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی تورکیا" ئاماژەی پێکراوە کە تیایدا ھاتووە "ئەگەر بەھۆی جەنگەوە دەرفەتی ھەڵبژاردنی نوێ نەڕەخسێت، دەشێت پەرلەمانی تورکیا ھەڵبژاردەکان بۆ ساڵێک دوا بخات. ئەگەر ھۆکاری دواخستن نەبووبێت، ئەوا بڕیاری دواخستن بەپێی رێکارەکان دووبارە دەبێتەوە".
لەگەڵ کۆتاییھێنان بە ئەرکی پەرلەمانتاران لە پەرلەمان، دەشێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. ھەڵبژاردنی پێشوەختە جارێک ئەنجام دەدرێت و دەبێت ٣٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی گشتی تێپەڕ بێت، بەڵام کاتێک شوێنی سەدا ٥ی ئەندامان بەتاڵ بێت، ئەوە دەتوانرێت لە ماوەی سێ مانگدا بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، بەڵام بە مەرجێک کە نابێت ساڵێک پێش ھەڵبژاردنی گشتی، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
بێجگە لەو دۆخانەی سەرەوە، لەکاتێکدا لە شارێک یاخود لە دەورووبەری ھیچ پەرلەمانتارێک نەمێنێت، ئەوا دوای تێپەڕبوونی ٩٠ رۆژ لە یەکەم رۆژی یەکشەممەدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت. بەپێی ئەم بەندەی دەستوور، حوکمی بەندی سێیەمی مادەی ١٢٧ی دەستوور جێبەجێ ناکرێت.
بەم پێیەش لەگەڵ نەمانی سەدا ٥ی پەرلەمانتاران واتا نەمانی ٢٨ پەرلەمانتار، پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. ھاوکات ئەگەر لە شارێک نەتوانرێت نوێنەرایەتی پەرلەمان بکرێت، ئەوە پێویستە لە ماوەی سێ مانگدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
-ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی پەرلەمانتاران
ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی پەرلەمانتاران بەپێی مادەی ٨٤ی دەستوور رێکخراوە کە دەڵێت: "دوای دیاریکردنی ھەڵوەشاندنەوە و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران لە لایەن دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری لەسەر دەدرێت".
بەپێی مادەی ٨٢ی دەستووری تورکیا، ئەو پەرلەمانتارانەی بە پێچەوانەوەی ئەرکانیان مامەڵە دەکەن و پێداگرن لەسەر درێژەدان بە کارەکانیان کە بەھۆیەوە ئەرکی پەرلەمانتاریی ھەڵدەوەشێتەوە، ئەوا بە راپۆرتی لێژنەی پەیوەندیدار دیاری دەکرێت و بە دەنگدانی نھێنی لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت. ھاوکات ئەو پەرلەمانتارانەی بێ ھیچ مۆڵەت و ھۆکارێک بەشداری پێنج دانیشتنی پەرلەمان ناکەن، دەشێت بە زۆرینەی دەنگ کۆتایی بە ئەرکەکانیان بهێنرێت.
ھەروەھا ئەو پارتانەی بەھۆی کردەوە و رەفتارەکانیانەوە لە لایەن دادگای دەستووری بڕیاری داخستنیان دەدرێت، ئەوا لەکاتی بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی، ئەرکی پەرلەمانتارانی ئەو پارتە کۆتایی پێدێت. لە دۆخەکەدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا دەبێت یەکسەر زانیاری بە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان بدات.
دەستبەسەرکردنی نۆ پەرلەمانتاری ھەدەپە بە مانای کۆتاییھێنان بە ئەرکی پەرلەمانتارێتیان نایەت. بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکی پەرلەمانتارێک بێت، پێویستە ئەو پەرلەمانتارە سزای زیندانی بۆ ساڵێک یان زیاتر وەربگرێت و بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی دادگای باڵا مۆڵەتی پێ بدرێت و پاشان بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان بخوێنرێتەوە. دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە کاریگەری لەسەر کارەکانی پەرلەمان دروست ناکات. ئەو پەرلەمانتارانە تەنانەت لەکاتی قۆناغی دادگاییکردنشیان مووچەکانیان وەردەگرن و پێشنیاز پێشکەش دەکەن و بەشداری لە چالاکییەکانی پەرلەمان دەکەن.
بەڵام رەنگە پەرلەمانتارانی ھەدەپە پێش ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری سزاکانیان بکەن، بڕیار لەسەر دەستلەکارکێشانەوەیان بدەن. لەم ھەڵومەرجەدا واتا ئەگەر ٥٩ پەرلەمانتاری ھەدەپە دەستلەکاربکێشنەوە، پێویستە ئەم بڕیارە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت. لەگەڵ پەسەندکردنی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان، وەک بڕیاری پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لەکاتی بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
-لە رابردوو چی روویدابوو؟
لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ دادگای دەستووریی بڕیاری داخستنی بۆ پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەپە) دەرکرد. دوای بڕیارەکە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە بڕیاریان دا بەشداری لە چالاکییەکانی پەرلەمان نەکەن. ئەوکات سەرۆکی گشتی دەتەپە، ئەحمەد تورک گوتبووی "فراکسیۆنەکەمان بە کردار لە پەرلەمان کشاوەتەوە و بەشداری لە چالاکییەکان ناکات".
ھاوکات لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ کاتێک ئەندامانی پەکەکە لە گرتووخانەکان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاند و دواتر جێگری سەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان (دەبەپە)، گولتان کشاناک و ھەندێک لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە مانگرتنیان لە خواردن لە دیاربەکر راگەیاند، بەدەپە لە چالاکی گشتی لێژنەکانی پەرلەمان کشابووەوە.