Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2021
هەولێر-AA
شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بێگەرد لە میانی سەردانیان بۆ تورکیا، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیای کرد و لە لایەن بریکاری وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، فاتیح مەتین و بەڕێوەبەری گشتی دارستانی تورکیا، فهرهاد چۆلاک پێشوازیی لێ کرا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانهوه بڵاو کراوەتەوە، لە دیدارەکەدا باس لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کراوه، هاوکات بە تێر و تەسەلی گفتوگۆ کراوه دەربارەی بەرەو پێشچوونەکانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاو و دارستان و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو سەردانەی شاندەکەی هەرێم دەربڕیوه و بەڵێنی هەماهەنگی و پشتیوانی خۆیان نیشان داوه لە بواری هونەری و پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵیی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی و کردنەوەی خول و راهێنانی بەردەوام بۆ جوتیاران و خاوەن پرۆژەکان و فەرمانبەران بۆ ئاشنابوون بە بوارە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی وڵاتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاندانی کۆمپانیاکان بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاریی و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.