Zeynep Beyza Kılıç
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئالپارسلان بایراکتار بڵاویکردەوە کە تورکیا لە دوێنێوە دەستیکردووەتەوە بە هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە بایراکتار کە یاوەری سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد لە سەردانەکەی ڕۆژی ٢٢ی نیساندا بۆ عێراق، لە چوارچێوەی دیدارەکاندا لە بەغدا و هەولێر ئەگەری هاریکارییەکانی لەگەڵ موخاتەبەکانی تاوتوێ کرد.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە دوای سێ مانگ لە سەردانەکە هەردوو وڵات هەنگاوێکی نوێیان نا لە بواری وزەدا و، لە پاش سێ ساڵ تورکیا دەستیکردەوە بە هەناردەی کارەبا بۆ عێراق و، لە ڕێگەی هێڵی جزیر -کەسکێ کە ئێستا لە نێوان تورکیا و عێراقدا هەیە بە توانای ٤٠٠ کیلۆڤۆڵت، تا ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکرێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بایراکتار، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: "لە دوێنێوە سەرلەنوێ دەستمان کردووە بە هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراقی دراوسێمان کە لە ڕێگەی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە بەیەکەوە بەشداردەبین لە دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاشتیی ناوچەکەمان. بەو وەبەرهێنانانەی ئەنجامیان دەدەین ڕێگای گەشەپێدان و لە هەمان کاتیشدا 'ڕێگایەکی وزە' بنیات دەنێین".