Aydın Arik
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2023
دیاربەکر - AA
مامۆستایەکی قۆناغی ئامادەیی پسپۆری مێژوو بە ناوی زینەب ئۆڵگون کە دانیشتووی شاری دیاربەکرە، تامی خواردنە نەریتییەکانی شارەکەی ئاوێتەی سیستەمی خۆراکیی ڤیگن (سیستەمی خۆراکی خاڵی لە بەرهەمە گۆشتییەکان) کردووە و بە سەوزە و بەهارات خواردنەکان ئامادە دەکات.
ئۆڵگون دایکی سێ منداڵە و کاتێک مامۆستا بووە لە ئیستانبوڵ سیستەمی خۆراکیی ڤیگنی پێڕەو کردووە. ئەو کە ماوی سێ ساڵ بوو خۆی لە خواردنی گۆشت بەدوورگرتبوو، بڕیاری دا خواردنە نەریتییەکانی شارەکەی بە سەوزە ئامادە بکات.

زینەب ئۆڵگون لە دروستکردنی کوبەی بەناودا لەبری هێلکە، ئاو لە ئامادەکردنی هەویرەکەیدا بەکار دەهێنێت و لەبری گۆشت، تێکەڵەی پیاز و قارچک و مەعدەنووس و بەهارات بەکار دەهێنێت. هاوکات لە دروستکردنی نانی بەگۆشتدا (لەحمبلعەجین) لەبری قیمە، سەوزەی وەرزیی بەکار دەهێنێت.
جگە لەوەش ئۆڵگون لە دروستکردنی دۆڵمەدا،سەوزەی وەرزیی و گیای تازە و بەهارات بەکار دەهێنێت و خۆی لە بەکارهێنانی گۆشت بەدوور دەگرێت.
زینەب ئۆڵگون بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەزموونی چێشتلێنانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە لە ئیستانبوڵ وانەی وتووەتەوە و گوتی: "کاتێک سیستەمی خۆراکیی ڤیگن پێڕەودەکەی، زۆر بیری ئەو خواردنانە دەکەی کە بە گۆشت دروست دەکرێن. لێکۆڵینەوەم کرد سەبارەت بەوەی چۆن بتوانم خواردنە نەریتییە دڵخوازەکانم ئاوێتەی سیستەمی خۆراکیی ڤیگن بکەم. هاوڕێکانم تامی ئەو خواردنانەیان کرد کە ئامادەم کردن و زۆر بەلایانەوە خۆش بوو".

- "منداڵەکانم ئەو خواردنە دەخۆن کە لێی دەنێم و وا دەزانن کە خواردنەکانم لە گوشت دروست کردووە"
زینەب ئۆڵگون جەختی لەوە کردەوە کە دیاربەکر بە خواردنە نەریتییەکان دەوڵەمەندە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ئەم دەوڵەمەندییەی لەگەڵ سەوزە گونجاندووە.
ئۆڵگون گوتیشی: "ئەوەی من دەیکەم هەوڵێکە بۆ گونجاندنی خواردنی دیاربەکر لەگەڵ سیستەمی خۆراکیی ڤیگن. لە خواردنەکانمدا قارچک، نۆک، نیسک و باینجان لەبری گۆشت بەکاردەهێنم ".
بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامانجی کارکردنە لەسەر براندێک سەبارەت بە گونجاندنی خواردنە نەریتییەکانی دیاربەکر لەگەڵ سیستەمی خۆراکیی ڤیگن ئۆڵگون گوتی: "منداڵەکانم ئەو خواردنە دەخۆن کە لێی دەنێم و وا دەزانن کە خواردنەکانم لە گوشت دروست کردووە".