Emre Gürkan Abay
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
مۆسكۆ - AA
سەرۆكى كۆمەڵگەى رێكخستنى گرووپە گەشتيارييەكانى رووسيا، مايا لۆميدزێ رايگەياند داخوازى گەشتيارە رووسەكان زۆر بە خێرايى زياديكردووە و گوتى، "سەرەڕاى ئەوەى هێشتا ژمارەيەكى زۆر فڕۆكەخانەکان بە ڕووی گەشتیاراندا نەکراونەتەوە، بەڵام دەبينين بە دەیان هەزار گەشتيار داخوازى گەشتكردنيان بۆ توركيا نیشانداوە".
لۆمێدزێ، لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا كە لە رێگەى ڤيديۆكۆنفرانسەوە لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى رووسيا ئەنجاميدا، هەڵسەنگاندنى بۆ دەستپێكردنەوەى گەشتە ئاسامانييەكان كرد كە لە ١ى ئابەوە بۆ توركيا و بەريتانيا و تانزانيا دەستپێدەكات.
لۆمێدزێ، ئاماژەى بەوە كرد كە هيچ كات بەريتانيا بە ئاستى توركيا نەبووەتە ئاراستەى گەشتياران و گوتى، "سەرەڕاى دەستپێكردنەوەى گەشتە ئاسمانييەكان بۆ بەريتانيا، بەڵام بە هۆى ئەوەى ئەو وڵاتە مەرجى ١٤ رۆژ كەرەنتينكردنى داناوە، گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە سنووردار دەبێت".
لۆمێدزێ، جەختى لەوە كردەوە كە گەشتيارە رووسەكان داخوازييان لەسەر بەسەر بردنى پشووەكانيان لە توركيا بە خێرايى زياديكردووە و گوتى: "لە نێو ئەو وڵاتانەى كە گەشتى ئاسمانييان بۆ كراوەتەوە بێگومان توركيا لە پێشەنگدايە. هاووڵاتيانمان هەر لە دواى راگەياندنى كردنەوەى گەشتەكان هەنگاويان ناوە. "سەرەڕاى ئەوەى هێشتا ژمارەيەكى زۆر فڕۆكەخانەکان بە ڕووی گەشتیاراندا نەکراونەتەوە، بەڵام دەبينين بە دەیان هەزار گەشتيار داخوازى گەشتكردنيان بۆ توركيا نیشانداوە".
- يەگەم گەشتى ئاسمانى لە يەكى ئابەوە دەستپێدەكاتەوە
جێگرى سەرۆكوەزيرانى رووسيا، تاتانيا گۆليكۆڤا، رۆژى هەينى لە روونكردنەوەيەكيدا، رايگەياند گەشتە ئاسمانييەكانى نێوان توركيا و رووسيا لە يەكى ئابەوە دەست پێدەكاتەوە و گوتى، "لە يەكى ئابەوە گەشتە ئاسمانييەكان لە رووسياوە بۆ ئيستانبوڵ و ئەنقەرە و لە ١٠ى ئابەوە بۆ ئەنتاڵيا، دالامان و بۆدرووم دەستپێدەكاتەوە".