Sarp Özer,Ali Kemal Akan
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
پەرلەمانی تورکیا – AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند "لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥وە بۆ ئەمڕۆ لە ناوەوەی وڵات، باکووری عێراق و سووریادا کۆی گشتی ٣٢ ھەزار ٩٠١ و لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو ھەزار و ٤٢٦ تیرۆریست لە چالاکی خراون".
خولوسی ئاکار لە میانی پێشکەشکردنی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە لیژنەی پلان و بوودجە لە پەرلەمانی تورکیا راگەیاند کە دۆخی ئاسایش سەرلەنوێ رێکدەخرێتەوە، ھاوسەنگییەکانی ھێز، کارەکتەرەکان و رۆڵەکان بەر بەردەوامی دەگۆڕێن.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی فەتۆ، پەکەکە/پەیەدە، داعش بەشێوەیەکی توند و چالاک و بێوچان بەردەوامە و لە زیادبووندایە و گوتی: "لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥وە بۆ ئەمڕۆ لە ناوەوەی وڵات، باکووری عێراق و سووریادا کۆی گشتی ٣٢ ھەزار ٩٠١ و لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو ھەزار و ٤٢٦ تیرۆریست لە چالاکی خراون. بە تایبەتی دەمەوێـت ئەوە بڵێم کە سەرجەم ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بۆ ئاسایشی وڵات و گەلەکەمان ئەنجامدەدرێن، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان گونجاوە، رێز لە ماف و یاسای عێراق و سووریا دەگیرێت لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگریکردن و تەنھا لە دژی تیرۆریستانی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت".
خولوسی ئاکار دەربارەی دۆخی سووریا گوتی: "ماوە ماوە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سووریا پێشێلکاری ئاگربەست و پەلاماری چەکداری ئەنجامدەدرێت. ھەر جۆرە گێچەڵ و دەستدرێژییەک بەھەمان شێوە وەڵامدراوەتەوە و رێکاری پێویست گیراوەتەبەر".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە دۆخی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و یۆنان گوتی: "سەرەڕای بانگەوازە نیاز پاکییەکانمان لە چوارچێوەی ھەموو جۆرە نایاسایی و پێشێلکارییەکانی یۆناندا، وەڵامی پێویستی دیپلۆماسی و لە گۆڕەپاندا دەدرێتەوە".
خولوسی ئاکار گوتیشی: "سوورین و پێداگرین لەسەر پاراستنی ماف، پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆمان و کۆماری تورکی قوبرسی باکوور لە دەریای ئیجە و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و توانای ئەوەشمان ھەیە".
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار دەربارەی بەکارخستنی فڕۆکەخانەی کابول گوتی: "کارەکانمان لەگەڵ قەتەر بۆ بەکارخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابول کە زۆر گرنگە بۆ خەڵکی ئەفغانستان، بەردەوامە."