Abdullah Shukur
02 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2019
ئاگری - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار رایگەیاند کە ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە بۆ منبج و رۆژھەڵاتی فوڕات و لەکاتی خۆی ئەوەی پێویست بێت لەمبارەیەوە ئەنجامی دەدەن.
خوڵوسی ئاکار دوای بەسەرکردنەوەی فەرماندەیی ١٢ی پیادە لە شاری ئاگری سەردانی ناوەندی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ دوکانداران گفتوگۆی کرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاشکراشی کرد کە دۆخی سیاسی و سەربازیی جددی لە دەوروبەری تورکیا لە ئارادایە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمانەش کاری پێویستیان ئەنجامداوە.
ئاکار ئاماژەی بەوەشدا کە بە پێداگرییەوە بەرەنگاربوونەوە لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ، داعش، پەکەکە/یەپەگە بەردەوامە.
- "پەکەکە ھیچ کاتێک ناتوانێ ببێتە نوێنەری برا کوردەکانمان"
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "ھەرگیز برایانی کوردمان نەبوونەتە ئامانجی سوپا و کۆماری تورکیا. کوردەکان برای ئێمەن. وەک گۆشت و نینۆک واین. ئێمە لەوەتەی ھەزار ساڵەوە لە یەک جوگرافیا داین و یەک نان بەش دەکەین. پەکەکە ھەرگیز نابێتە نوێنەری برا کوردەکانمان. بەرەنگاری ئێمە لە دژی تیرۆریستانی فەتۆ، پەکەکە/یەپەگە و داعش و درێژکراوەی ئەمانەیە" .
خوڵوسی ئاکار ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان بە ھیچ شێوەیەک واز لە ئاسایشی سنووری وڵاتەکەیان ناھێنن، راشیگەیاند کە بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری سەروەری و سەربەخۆی نابن و ئاسايشى وڵاتەکەیان ناخەنە مەترسییەوە.