ئەنتاڵیا
کۆمپانیای ئەروست لە شاری ئەنتاڵیا جۆرە گوڵێکی بەرھەمھێناوە کە مرۆڤ دەتوانێ بیخوا و لە ریستۆڕانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵ مشتەرییەکی باشی ھەیە. بەشێک لەو گوڵانە بۆ رازاندنەوەی ساسەکان و بەشێکی دیکەیشیان بۆ رازاندنەوەی خواردنەکان بەکاردەھێنرێن و لە رێستۆرانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵدا بازاریان زۆر گەرمە.
بەرێوەبەڕی کۆمپانیای ئەروست مستەفا ئەروست بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لە بواری کشتوکاڵدا ھەمیشە سەرقاڵی ئافراندنی بەرھەمی نوێین و لە ساڵی ١٩٩٨وە دەستیان بە وەبەرھێنانی گوڵی (مارولەری ئاقدەنیز) کردووە، دواتر خۆیان بە وەبەرھێنانی سەوزەواتی دیکەوە سەرقاڵکردووە."
مستەفا ئەروست گوتی: "بەشێکی زۆری بازاڕی تورکیا سەوزەواتی ناوچەی قەرەدەنیز ناناسێت، بۆیە ئێمە دەستمان بە وەبەرھێنانی چەندین جۆرە سەوزەواتی ناوچەی قەرەدەنیز لە ئانتاڵیا کرد و ئەو بەرھەمانەمان روانەی بازارەکانی تورکیا کرد."
لە بارەی وەبەرھێنانی ئەو جۆرە گوڵەوە کە بۆ خواردن دەشێ، مستەفا ئەروست گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لە چێشتلێنەرانی دەروەی تورکیا داوایانکرد جۆرە گوڵێک بەرھەم بھێنرێ کە مرۆڤ بتوانێ بیخوات، ئێمەش لەسەر ئەو داوایە پێش پێنج ساڵ دەستمان بە وەبەرھێنانی جۆرە گوڵێک کرد کە دەخورێت."
مستەفا ئەروست رایگەیاند: "لە دەرەوەی تورکیا ژمارەیەک زۆر چێشتلێنەر و پرسیاری ئەو جۆرە گوڵانەیان دەکرد کە لەلایەن مرۆڤەوە دەخورێن، بۆیە منیش دەستم بە ڵێکۆڵینەوە لە سەر ئەو جۆرە گوڵانە کرد، دواتر لە ھۆڵەنداوە تۆی ئەو گوڵانەم ھێنا و دەستم بە وەبەرھێنانیان کرد. سەرەتا یەک جۆرە گوڵم تاقی کردەوە، بەڵام ئێستا شەش جۆرە گوڵ وەبەردەھێنین."
ئەروست لە بارەی نرخی ئەو گوڵانەوە گوتی: "نرخی ھەر یەک لەو گوڵانە ٤٠ تا ٥٠ قوروشە و تەنیا لە رێستۆرانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵدا دەفرۆشرێن. بەھۆی نرخەکەیانەوە لە مارکێتەکان دەست ناکەون، لە سەر داواکاری رێستۆرانتەکان دەست بە وەبەرھێنانی ئەو جۆرە گوڵانە دەکەین."
بەڕێوبەری کۆمپانیای ئەروست ئاماژەی بەوەش کرد نرخی یەک گوڵ بە ئەوەندەی نرخی یەک ژەمی خواردنە بۆیە ھەر کەس ئەو جۆرە گوڵانە ناکڕێ و بازاڕی ئێمە رێستۆرانتە تایبەتییەکانی ئیستەنبوڵن.
مستەفا ئەروست رایگەیاند: "لە رۆژانی ئاساییدا داواکارییەکی ئەوەتۆ لەسەر کڕینی ئەو گوڵانە نیە، بەڵام لە رۆژانی جەژن، سەری ساڵ و رۆژە تایبەتییەکاندا رێژەی داواکاری بۆ ئەو جۆرە گوڵانە یەکجار زۆرە."
لە رۆژانی جەژنی قورباندا تەنیا یەک ھۆتێلی ئانتاڵیا داوای شەش ھەزار گوڵی لەو جۆرەی کرد. داواکارییەکان لە ئاستێکدان کە زۆربەی جاران ئێمە ناتوانین ھەمووی ئەو داواکارییانە بەجێ بگەیەنین.
لە بارەی جۆری ئەو گوڵانەوە ئەرءست رایگەیاند: ئەو گوڵانە کە دەخۆرێن چەندین جۆرن و گوتی: "گوڵی پیاز کە تامی پیاز دەدا و لە نێو شۆربا و ساندەویچەکاندا بەکار دەھێنرێ. گوڵی لاتین، جۆرەیەک لەو گوڵانەیە کە گوڵ و پەلکەکانی دەخۆرێن، لەبەرئەوەی تامی ئەو گوڵە توندە لە نێو سەڵاتەکاندا بەکار دەھێنرێ. مۆر ڤیۆلا، جۆرە گوڵێکە بە ھۆی خۆشی تامی خۆیەوە بۆ رازاندنەوەی خواردن و سەڵانەکان بەکار دەھێنرێ. گوڵی کوولەکە، جۆرە گوڵێکە لە لایەن خەڵکەوە ناسراوە و بۆ دروستکردنی دۆڵمە بەکار دەھێنرێ. گوڵی کارەبا، جۆرە گوڵێکە لکاتی خواردنی، وەک کارەب تەزووی ھەیە بە زمان و لچی خەڵکەوە دەدا و لە نێو خەڵکدا ناوودەنگێکی زۆر باشی دەرکردووە. گوڵی سەڵاتە، جۆرە گوڵێکە کە بە ھۆی بۆن و تامەکەیەوە تەنیا بۆ دروست کردنی سەڵاتە بەکار دەھێنرێ."