ئیستەنبول
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد دواد ئۆغڵو لە بارەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا رایگەیاند: "ماوەیەکە لە رووی دیپلۆماسییەوە جموجووڵێکی زۆر لەنێوانماندا ھەیە، ھەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش کۆبووینەوە."
داود ئۆغڵو گوتی: "لە نزیکەوە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەین، لەگەڵ عێراقدا دەستمان بە پرۆسەیەکی نوێ کردووە و لەو چوارچێوەیەیشدا حەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تورکیای کرد."
لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ھۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "ە ئەنقەرە پێشوازیم لە دۆستی خۆم ھۆشیار زێباری کرد، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان ئەنجامدا و بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوانمان نەخشە رێگایەکمان دانا، ئیرادەیەکی بەھێزی عێراق و تورکیا بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندییەکان ھەیە."
لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیشدا داود ئۆغڵو گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامدا و بڕیاردرا خزمەتگوزارییەکانی دەروازەی سنوری خابور زۆرتر بکرێن و ھەموی دەروازە سنورییەکانی نێوانمان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھاوبەشی ھەر دوولا بکرێنەوە و چالاکتر بکرێن. بۆ پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانمان لە گەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە پەیوەندی بەھێزداین چونکە بەھێزترکردنی ئەو ھەماھەنگییە بۆ ھەر دوو لا زۆر گرنگە."
داود ئۆغڵو رایگەیاند: "لە میانی کۆبوونەوەکاندا باسی چەندین پرۆژەی ھاوبەش لە بواری وزەدا کراوە، ئێمە وەکو تورکیا بیروڕای خۆمان لە بارەی بەھێزتر کردنی ھاوکاری نێوانمان لە بواری وزەدا ئاراستەی عێراق بە گشتی کردوە."
داود ئۆغڵو زیاتر گوتی: "ئێمە بە یەک چاو سەیری ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەکەین و پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پێکھاتەکانی عێراقدا پەیوەندی دۆستانە و برایانەیە و لەو چوارچێوەیەدا باوەشی تورکیا بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق کراوەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی دوو حەفتەی داھاتوودا سەردانی بەغدا دەکەم، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبمەوە، سەردانی لەو چەشنە لە نێوان تورکیا و عێراقدا درێژەیان دەبێ. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایش سەردانی بەغدا دەکا و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ئامادەکراویشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق نووری مالیکی سەردانی ئەنقەرە دەکا."
داود ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسی بارودۆخی سوریایان کردووە و گوتی: "قەیرانی سوریا زەرەری بۆ ھەموو کەس ھەیە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی خۆیاندا زۆر بە فراوانی باسی ئەو قەیرانەیان کردوە و بیروڕای خۆیان لە بارەی چۆنێتی چارەسەر کردنی ئەو قەیرانە خستۆتەڕوو."