Mehmet Sıddık Kaya
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
دیاربه‌كر – AA
خزمه‌تگوزاری په‌یوه‌ندیكردن به فریاگوزاری خێرای دیاربه‌كر به زمانه‌كانی توركی، كوردی و زازاكی پێشكه‌ش به هاووڵاتییان ده‌كرێت.
بریكاری به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی فریاگوزاری خێرا لە دیاربه‌كر، دكتۆر حوسێن هاكان كاراكاش به په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند كه ته‌واوی بنكه‌كانی فریاگوزاری خێرا سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆ له هه‌ر ٨١ پارێزگای توركیا یه‌ك خراون و گوتی: "ئیدی ته‌واوی تیمه‌كانی خزمه‌تگوزاری خێرا له فه‌رمانگه‌كانی ته‌ندروستی، ئاسایش، جه‌ندرمه، ئاگركوژێنه‌وه، دارستان، ئاسایشی كه‌ناراوه‌كان و ئافاد به‌یه‌كه‌وه و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كتر كار ده‌كه‌ن. به‌م جۆره ٧٠ كارمه‌ند بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر له هه‌ر حه‌وت رۆژی هه‌فته‌دا له شاری دیاربه‌كر كار ده‌كه‌ن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر په‌یوه‌ندیكردن به بنكه‌کانی فریاگوزاری خێرا لێك جیاواز بوون کە له رووی داراییه‌وه زیاتری تێده‌چوو، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیكردنی نێوان دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش كاتی زیاتری ده‌ویست، به‌ڵام له رێگای یهكخستنییانهوه كاره‌كان ئاسانتر رایی ده‌كرێن".
دكتۆر حوسێن هاكان كاراكاش ئاماژه‌ی به‌وه دا كه هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارییان به زمانی كوردی و زازاكی بۆ په‌یوه‌ندیكردن زیاد كردووه و ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی به كوردی و زازاكی په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ئه‌و زمانانه ده‌زانن، وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه.