Ömer Yasin Ergin
11 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
دیاربەکر- AA
لە شاری سوور هێڵێکی گواستنەوەی ئاو و سیستمێکی دابەشکردنی گەرمی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٨ سەدە لەمەوبەر.
شوێنەواری "ئامیدا هۆیوک" دەکەوێتە شاری سوور سەربە پارێزگای دیاربەکر و بووەتە خانەخوێی چەندین شارستانییەتی دێرینی وەک خوری- میتانییەکان، ئورارتووەکان، فارس، رۆم، ئەمەوی، عەباسی، مەروانییەکان، سەلجوقییەکان و ئارتوکڵووەکان، هەروەها زانای بەناوبانگی موسڵمان و داهێنەری رۆبۆت، بەدیعوزەمان ئەبولعیز ئیسماعیل بن رەزاز جزری لێرە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجامداوە.
لەئێستاشدا کاری کنە و پشکنین لەم شوێنەوارە مێژووییەدا، بە سەرۆکایەتی پ.د. عیرفان یڵدز بەڕێوەدەچێت و لەو میانەیەشدا، چەند جۆگەیەکی ئاو و سیستمێکی گواستنەوەی گەرمی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
پ.د. عیرفان یڵدز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە "ئامیدا هۆیوک" هەم دڵی دیاربەکر و هەم دڵی مێزۆپۆتامیا-یە.
پ.د. عیرفان یڵدز ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە بڕیاری وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار دەستیان بە کاری کنە و پشکنین کردووە و گوتی: "سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ئەو تونێل و راڕەوانەمان دۆزییەوە کە لە چیرۆک و ئەفسانەکاندا باس کراون. لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەو دیوانخانەیەمان دۆزییەوە کە ئەولیا چەلەبی لە گەشتنامەکەیدا بە دوور و درێژی باسی کردووە و لە کۆتاییدا هۆڵی پێشوازییەکەمان دۆزییەوە".
پ.د. عیرفان یڵدز لە بارەی تونێلەکانەوە گوتی: "تونێلەکانی 'ئامیدا هۆیوک' هەم رێگای راکردن بوون و هەم رێگای گواستنەوەی ئاوبوون. لە سەردەمی رۆمانییەکاندا لە خشتی سوورەوکراو بۆری ئاو لە تونێلەکاندا دروستکراون دواتریش لە رێگەی سیستمێکەوە کە بەدیعوزەمان ئەبولعیز ئیسماعیل بن رەزاز جزری دروستی کردووە ئاوەکە سەرخراوە".
عیرفان یڵدز، باسی لە سیستمێکی گواستنەوەی گەرمی کرد کە ئاوی گەرمی گواستووەتەوە بۆ گەرماوی ناو قەڵاکە و بەشێوەیەکی تایبەتیش گەرمییەکە دابەشکراوە، ئەمەش کۆنترین سیستمی گواستنەوەی گەرمییە لە ناوچەکەدا.