Seval Ocak Adıyaman
17 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی رایگەیاند: ''پەرلەمان کە حوکمی دیموکراسیی و شەرەفی ئیرادە و شانازی ١٠٣ ساڵەی گەلی تورکە. با هەموو بەیەکەوە بە گفتوگۆ، مشتومڕ، رێککەوتن، تەبایی و یەکخستنی بۆچوونەکان تورکیا بەرەو هەڵبژاردن ببەین، با مانگی ئایار ئەو کارە تەواو بکەین، با هەموو بەیەکەوە بڕیار بگێڕینەوە بۆ ئیرادەی گەلە ئازیزەکەمان''.
دەولەت باخچەلی لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە بە بەشداری هاوبەشی ئەنجوومەنی ناوەندیی رێککاری، ئەنجوومەنی ناوەندیی کارگێڕیی و پەرلەمانتارانی سەربە پارتەکەی، لەو کۆبوونەوانەی لە رۆژانی ١٣، ١٤ و ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجامیان داون، پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان تاوتوێ کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کردووە.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن رایگەیاند: ''مەهەپە و هاوپەیمانی جومهور هەموو ئارامگریی، هاوکاری و خۆڕاگرییەکی دیموکراسیی نیشان دەدەن بۆ بەدیهێنانی کەشێکی هەڵبژاردن کە شایستە یادی سەد ساڵەی کۆمار بێت''.
گوتیشی: ''دەبێت بیسەلمێنرێت کە دیموکراسییەکەمان پێگەیشتووە، هەڵاتن لە سندوقی دەنگدان و لە ئیرادەی گەل سوودی بۆ کەس نابێت''.