Mazın Asad
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
مۆسکۆ - AA
راوێژکاری کرملین بۆ سیاسەتی دەرەوە، یۆری ئوشاکۆڤ لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە وا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لە شاری سوچی لە رووسیا بەڕێوە بچێت، ئاماژەی بەوە دا کە قەیرانی سووریا تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت و گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی گەلانی سووریاش بکرێت".
ئوشاکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە مۆسکۆ، رایگەیاند سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە ١٣ی تشرینی دووەم لە شاری سوچی کۆدەبنەوە.
راوێژکارەکەی کرملین روونیشی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ و زیاتر گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و قەیرانی سووریا دەکرێت".
یوری ئوشاکۆڤ راشیگەیاند چاوەڕوان دەکرێت ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی گەلانی سووریا لە شاری سوچی لە کۆبوونەوەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتین باس بکرێت.