Zana Natık Kerem
22 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆمار ئەردۆغان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە.
سەرەتا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان)، ڕایگەیاند: "ھاوڕابووین لەبارەی ھاریکاری ئەمنیی کە سەقامگیری تورکیا و عێراق دەستەبەر دەکات''.
ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێگە بەھیچ ھێزێک نادەن خاکی عێراق بەکاربھێنێت بۆ ھێرشکردنە سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ و گوتی: "ئاسایشی عێراق و تورکیا یەک پرسە''.
باسی لەوەش کرد کە سیاسەتی عێراق، پشت بە ھاوسەنگی دەبەستێت و ڕایگەیاند: "ھەروەھا بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و دراوسێیەتی باشمان ھەیە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەیەک ڕێککەوتننامەیان لەگەڵ تورکیا لە بوارەکانی ئاو، سیستەمی نوێی ئاودێر واژووکردووە و وگوتی: "ھەر ئەمڕۆ دووشەممە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی چوار لایەنەیان لە نێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات واژووکراوە، ئەوەش بە ئامانجی ھەماھەنگی ھاوبەش لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان".
محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، ناوچەکە لە ڕووی ئابوورییەوە دەبوژێنێتەوە، ھەروەھا دەبێتە مایەی پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردەوە: "قودس سیمبولی ئیسلامە و سووکایەتیکردن بە پیرۆزەکانی فەڵەستین، مایەی قبوڵکردن نییە".